٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شەش پرۆژەی کارەبا لە سنووری پارێزگای ھەولێر تەواو دەکرێن

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای ھەولێر دەڵێت، بە مەبەستی کەمکردنەوەی لۆد لەسەر سەنتەری پارێزگای ھەولێر، ژمارەیەك  پرۆژەی گرینگ لە بواری وزەی کارەبا ئەنجام دەدرێن. دەشڵێ، تێچووی پرۆژەکان 45 ملیار دینار لەخۆ دەگرێت .

حوسێن حەمەد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیاند: "بەھۆی قەیرانی دارایی و مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆڕۆناوە لە سنووری پارێزگای ھەولێر دوای ھەوڵێکی زۆر لە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی کارەبا بڕیار درا بە دەستپێکردنەوەی ئەو پرۆژە گرینگانەی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا وەستابوون، ئێستاش دەست کراوە بە جێبەجێکردنی شەش پرۆژەی سێکتەری کارەبا ."

بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای ھەولێر ئەوەیشی ڕاگەیاند: "پرۆژەی یەکەم گۆڕینی وێستگەی مۆبایلی دارەشەکران لە دەڤەری زرارەتی و ھەرکییە و ئەو ھاوبەشانەی کارەبا سوودمەند دەبن لە پرۆژەکە، کە ساڵانێکی زۆرە دۆخی کارەبایان خراپە. دووەم، گۆڕینی وێستگەی مۆبایلی پیرداود لە ناحیەی شەمامک، بە ھەمان شێوە ھاوبەشانی کارەبای ئەو سنوورە سوودمەند دەبن لە پرۆژەکە. پرۆژەی سێیەم گۆڕینی وێستگەی كەسنەزان و بەستنەوەی بە  تۆڕی كارەبای هەولێر، ڤۆلتیەی کارەبای کەسنەزان و بنەسڵاوە و ھاوبەشانیان سوودمەند دەبن لە پرۆژەکە."

ناوبراو دەشڵێت: "پرۆژەکانی تر بەستنەوەی وێستگەی ئازادیی نوێ و کۆن  بە تۆڕی كارەبای 132 كەی ڤی لە ڕۆژئاوای ھەولێر و ئازادی بە درێژاییی شەش كیلۆمەتر لە ماوەی دوو مانگدا تەواو دەکرێت، تەواوكردنی وێستگەی ڕووناكی بە توانای 63 مێگاوات بۆ چارەسەركردنی كێشەی ئۆڤەرلۆدی كەرتەكان لە گەڕەکەکانی ئیسكان، موفتی، ڕووناكی، سەیداوە و ھەندێک شوێنی تر."

ھەروەھا گوتیشی: "ھەموو پرۆژەکان لە ماوەی دوو مانگدا و بەشێکیان تا چوار مانگ دەبێ تەواو بکرێن و کارەکانیان لەلایەن کۆمپانیایەکی ناوخۆییەوە دەکرێت، بەمەش تا ڕادەیەکی باش گرفتەکان چارەسەر دەبن و کاتژمێرەکانی کارەبا زیاد دەبن لەو ناوچانەی کە پرۆژەکانی تێدا ئەنجام دەدرێت."

جەختی لەوەش کردەوە: "کۆی گشتیی تێچووی ئەو شەش پرۆژەیە 45 ملیار دینارە، لە داھاتوودا کار لەسەر ھەموو ئەو پرۆژانە دەکەین لە سنووری پارێزگای ھەولێر، کە بەھۆی قەیرانی دارایی و مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆڕۆناوە کارەکانیان وەستاون ."

سیروان سابیر

هەواڵی پەیوەندیدار