دەستەی نەزاھە: حکوومەت جددییە لە چاکسازی و ئیرادەیەکی باشیشی بۆ چاکسازی ھەیە

ھەولێر -KDP.info- سەرۆکی دەستەی نەزاھەی ھەرێمی کوردستان گوتی، ھەماھەنگییان لەگەڵ حکوومەت ھەیە بۆ چاودێریکردنی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی و حکوومەتیش جددیە و ئیرادەیەکی باشی بۆ ئەنجامدانی چاکسازی ھەیە و ئەوانیش چەندین لیژنەیان پێک هێناوە و چاودێریی جێبەجێکردنی یاساکە دەکەن.
سەرۆکی دەستەی نەزاھەی ھەرێمی کوردستان، حاکم ئەحمەد ئەنوەر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئەو پەیڕەوانەی لەلایەن حکوومەتەوە دەرچوون بۆ جێبەجێکردنی یاسای چاکسازییە و ئێمەش کۆپیمان لا ھەیە و ئەو ڕێنمایییانەی ئێستاش دەرچوون جێبەجێکردنی یاساکەیە، بۆیە ئەمە کارێکی باشە و ھەنگاوێکی گرنگە و ھەر وەزارەتێکیش لیژنەیەکی بە سەرۆکایەتیی وەزیر، یان بەرپرسێکی دیکە پێک هێناوە، بۆ ئەوەی لە یاساکە پەیوەندیی بە ھەر وەزارەتێکەوە ھەیە جێبەجێی بکەن و لە بەڕێوبەرایەتییەکانیش لیژنەی لاوەکی ھەیە و ھەر فەرمانگەیەک بەرپرسە لە وردبینیکردنی دۆسیەی فەرمانبەرانی خۆی، بۆ ئەوەی دڵنیا بن ئەوەی لە یاساکەدا ھاتووە دژی نەبێت."
حاکم ئەحمەد ئەنوەر گوتیشی: "ئێمەش وەکو دەزگایەک چاودێریی جێبەجێکردنی یاساکە دەکەین و کۆمەڵێک لیژنەمان پێک ھێناوە و ھەماھەنگیمان لەگەڵ حکوومەت ھەیە کە لە ماوەی سێ مانگدا یاساکە جێبەجێ دەکرێت، ئەوکات وردبینی لە جێبەجێکردنی یاساکە و سێکتەرەکانی دەکەین بۆ ئەوەی دڵنیابین لە جێبەجێکردنی بەپێی پەیڕەو و یاساکە، چونکە ڕاستە بەشێکی پارە بۆ حکوومەت دەگەڕێتەوە، بەڵام ھەر وەرگرتنەوەی ماف نییە و پێدانەوەی مافیشە کە کەسێک غەدری لێ کراوە."
ئەنوەر باسی لەوەش کرد: "ئەو سێ مانگەی یەکەمی جێبەجێکردنی یاساکە گرنگە، چونکە ئەوەی پەیوەندیی بە فەرمانبەران ھەیە بەدەر دەکەوێت، بەڵام ھەندێک پرسی دیکە کاتی زیاتری دەوێت، ئەوەی دیکە پاککردنەوەی لیستی شەھیدان و زیندانیانی سیاسی و کەمئەندام و پێشمەرگەی دێرین و زۆر شت جێبەجێ دەکرێت."
گوتیشی: "ئەوەی ئێمە ئاگادارین حکوومەت جددیە لە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی و لە داھاتووشدا کە جێبەجێ کرا باشتر بەدەر دەکەوێت و ئیرادەیەکی باش ھەیە و ئەمە سەرەتایەکی باش و تاقیکردنەوەیەکی باشە بۆ ئەوانەی بەشدارن لە پرۆسەی حوکمڕانی لە کوردستان بۆ ئەوەی لە داھاتوو کێشەیەکیان ھاتە پێش ڕووبەڕووی ببنەوە."
بڵند ئیبراھیم




