بەرھەمە کشتوکاڵییەکانی ھەرێمی کوردستان ھەناردەی دەرەوە دەکرێن

ھەولێر -KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، ئێستا سەرقاڵی ئەوەن بەرھەمی کشتوکاڵیی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان ھەناردەی دەرەوە بکەن، بۆ ئەو مەبەستەش چەند کۆمپانیایەک سەرقاڵی ئەو کارەن و لە ئایندەیەکی نزیکدا کاریگەرییەکانی بەدەر دەکەوێت و ھەناردە دەکرێت.
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، حوسێن حەمە کەریم، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئێمە لە ھەرێمی کوردستان بازاڕی ناوخۆ و بازاڕی عێراقمان هەیە و ھەوڵی سێیەمیش ئەوەیە کە ھەناردەی دەرەوە بکرێت و بە نیسبەت عێراق پێویستە ھەماھەنگی ھەبێت لەگەڵیان و لیژنەی ھاوبەش ھەبێت و یەک ڕۆژنامەی کشتوکاڵی ھەبێت، ئەمەش لە بەرژوەندیی ھەرێم و بەغدایە.''
حوسێن حەمە کەریم گوتیشی: "ھەوڵی سێیەم ئەوەیە کە بەرھەمە کشتوکاڵییەکانی خۆمان ھەناردەی دەرەوەی وڵات بکەین، ئێستا چەند کۆمپانیایەک لە ھەرێمی کوردستان کار لەسەر ئەو پرسە دەکەن و لە ماوەیەکی نزیکدا کاریگەرییەکانی بەدەر دەکەوێت، چونکە ئەوانیش لە ڕووی کوالێتی و چەند لایەنێکی دیکەوە، چەند مەرجێکیان ھەیە کە بەرھەمی کشتوکاڵی بۆ وڵاتان ھەناردە دەکەن، بۆیە کاری لەسەر دەکرێت."
حەمە کەریم باسی لەوەش کرد: "ئێستا وەرزی پێگەیشتنی بەرھەمی کشتوکاڵییە و لەم مانگانەدا کە وەرزی پێگەیشتنی بەرھەمی کشتوکاڵییە و ئەگەر بازاڕ ھەبێت و جووتیار ھان بدرێت، ھەوڵ دەدات لە وەرزەکانی دیکەش بەرھەمی کشتوکاڵی بەرھەم بێنێت، بۆیە ئەگەر ئەو کارە کرا ئەوکات جووتیارانیش لە وەرزەکانی دیکە بەرھەمیان دەبێت."
بڵند ئیبراھیم




