KDP زانیاری له‌سه‌ر هێڵه گشتییه‌كانی چاكسازی دەر‌باره‌ی وه‌به‌رهێنان بڵاو ده‌كاته‌وه

هەولێر-KDP.info- به‌رپرسی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانی كوردستان باس له پرۆسه‌ی چاكسازی ده‌كات له سێكته‌ری وه‌به‌رهێنان و هێڵه گشتییه‌كانی چاكسازی له‌و كه‌رته ده‌رخاته ڕوو. ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات کە گرنگه ئه‌م پرۆسەیە به شێوه‌یه‌كی فراوان بچێته واری جێبه‌جێكردنه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانرێت سه‌رجه‌م سێكته‌ره‌كان ببووژێنرێته‌وه و خه‌رجی و داهات ڕێك بخرێته‌وه.
سبه‌ی یاسای چاكسازی ده‌كه‌وێته واری جێبه‌جێكردنه‌وه، به‌پێی یاساكه سه‌رجه‌م سێكته‌ره‌كانی مووچه و ده‌رماڵه و شایسته‌ی دارایی و خه‌رج و داهات ڕێك ده‌خرێته‌وه، به سه‌رجه‌م كه‌رته‌كانی ته‌ندروستی و سه‌ربازی و مه‌ده‌نییه‌وه، یه‌كێك له‌و بوارانه‌ی چاكسازیی تێدا ده‌كرێت، كه‌رتی وه‌به‌رهێنانه.
لەوبارەیەوە، د. محه‌مه‌د شوكری، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌ڵێت: "یاسای چاكسازی، خۆی زۆر گرنگه و خه‌ڵكی كوردستان قازانجی تێدا ده‌كه‌ن، چونكه سه‌رجه‌م سێكته‌ره‌كان ده‌گرێته‌وه و داهاتی باش بۆ حكوومه‌ت ده‌گەڕێته‌وه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی به وه‌به‌رهێنانه‌وه هه‌یه، گرنگه ئێمه ئه‌مه بكه‌ینه ده‌رفه‌تێك بۆ به‌هێزكردنی كواڵێتیی پرۆژه‌كان و زۆریی پرۆژه‌كان له هه‌ردوو سێكته‌رەکە و په‌ره‌یان پێ بدەین، دواتر قازانجی سه‌رمایه و به‌گه‌ڕخستنی سه‌رمایه كه به‌م دوو سێكته‌ره ده‌توانرێت كوردستان له ئاستی وه‌به‌رهێناندا زۆر پێش بخرێت، ئه‌وه‌ی وه‌ك ته‌حه‌ددا له‌به‌رده‌ممان ماوه، پرسی نه‌خۆشیی كۆرۆنایه، ئه‌گه‌ر ئه‌م نه‌خۆشییه تێ په‌ڕێنرێت و كوردستان بچێته قۆناغی نوێوه، ئه‌وكاته له ڕووی ڕۆتین و گه‌نده‌ڵییه‌وه، له ڕووی پێدانی پرۆژه به خه‌ڵكی شایسته و وه‌به‌رهێنه‌ری شایسته ده‌توانین هه‌نگاوی گه‌وره بهاوێژین و له داهاتوودا ئه‌مه بۆ خه‌ڵك ڕوون ده‌بێته‌وه به چ ئالیه‌تێك ده‌بێت".
گوتیشی: "ستراتیژیه‌تی ئێمه له چه‌ند سێكته‌رێك ده‌بێت، له‌وانه به‌هێزكردنی ژێرخانی ئابووری و دروستكردنی كه‌شێكی گونجاو بۆ وه‌به‌رهێنه‌ران و دروستكردنی زۆنی پیشه‌سازی له كوردستان، كه ئێستا خه‌ریكه به‌چڕی كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ین و سه‌رۆكی حكوومه‌ت ڕاسته‌وخۆ سه‌رپه‌رشتیی ده‌كات و به‌رده‌وام ڕێنمایی ده‌دات كه پرۆژه بدرێته وه‌به‌رهێنه‌ری شایسته و كواڵێتیی پرۆژه و لە وه‌گەڕخستنی سه‌رمایەدا ئه‌وله‌ویه‌ت بۆ خه‌ڵكی خۆمان بێت، بۆ ئه‌وه‌ی دووباره ئابووریی خۆمان بنیاد بنێینەوە. بۆ ئه‌وه‌ی پرۆسه‌ی ڕیفۆرمی ئابووری وەگەڕ بخرێت، ئێستا وه‌زاره‌تی پلاناندانان به هاوبه‌شیی لێژنه‌كان و وه‌زاره‌ته‌كانی دیكه كار ده‌كات بۆ باشتركردنی كه‌رتی تایبه‌ت و ئیداره‌دانی كه‌رتی تایبه‌ت به ئاراسته‌ی به‌هێزكردنی دامه‌زراوه‌كان و ئه‌مه‌ش ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌یه كه حكوومه‌ت چه‌نده جددییه له چاره‌سه‌ری گرفته‌كان و چاكسازی له سه‌رجه‌م سێكته‌ره‌كاندا".
سه‌رۆكی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان ئه‌وه‌یشی خسته ڕوو: ''پلانی وه‌به‌رهێنانمان هه‌یه و ئاماده‌كاریمان بۆ كردووه و له ماڵپه‌ڕی تایبه‌تمه‌ند هه‌یه و دابه‌شی سه‌ر كونسووڵخانه‌كانیش ده‌كرێت، ئه‌گه‌ر دۆخه‌كه باش بێت، ئه‌مه پلانی گه‌وره‌ی حكوومه‌ته، ئه‌م به‌رنامەیە بۆ په‌ره‌پێدانی كه‌رتی وه‌به‌رهێنانە و ئه‌مه خاڵێكی جه‌وهه‌رییه له چاكسازی، جاران حكوومه‌ت هه‌یبوو به‌س ڕاینەده‌گه‌یاند، ئێستا ڕاگه‌یه‌نراوه، ده‌ست له‌سه‌ر خاڵه‌كان دانراوه و ڕێگا چاره‌سه‌ریان بۆ دۆزراوه‌ته‌وه؛ له هه‌مووی گرنگتر ئه‌وه‌یه كه له به‌رنامه‌كانی داهاتووماندا كه‌رتی كشتوكاڵ و پیشه‌سازی وه‌ك دوو سێكته‌ری گرنگ كاریان له‌سه‌ر دەكرێت و له به‌رنامه‌ی تایبه‌تیی حكوومه‌تدا هه‌یه و، بریاری حكوومه‌ت و كاك مه‌سروور وایه کە هه‌رچی له كوردستان به‌كار دێت، له كوردستان به‌رهه‌م بێت، نه‌ك له ده‌ره‌وه بهێنرێت و ئه‌مه هه‌نگاوێكی گه‌وره‌یه كه كوردستان به‌رهه‌می ناوخۆی بنێرێته ده‌ره‌وه‌ش، واته ته‌نیا بۆ ناوخۆ نه‌بێت و ببێته هۆكارێك بۆ ناردنه ده‌ره‌وه‌ش، كه ئه‌مه ستراتیژیه‌تی نوێی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه."
ده‌شڵێت: "له چوارچێوه‌ی ئه‌و ستراتیژیه‌ته مشووری زۆر لەکار كراوه، سوودی باش له وه‌به‌رهێنه‌ری ناوخۆ وه‌رگیراوه و هه‌وڵ ده‌درێت پرۆژه‌كانیان وه‌گه‌ڕ بخرێت و شه‌ریكاتی ناوخۆیی زیاتر بكرێن و په‌ره به كه‌رتی ناوخۆیی بدرێت. جیا له‌وه‌ش، ئه‌وه‌ی زۆر گرنگه، ئه‌ولیه‌تی یه‌كه‌ممان به‌گەڕخستنه‌وه‌ی پرۆژه ڕاوه‌ستاوه‌كانە و دانانی ڕێكاری ئاسانكار و سزا بۆ كۆمپانیاكان كه دواجار ئه‌م فاكته‌رانه وا ده‌كات ده‌ستی كار له كوردستان زیاتر بكرێت و وه‌به‌رهێنه‌ری ناوخۆ زیاتر بكرێت و جووڵه بكه‌وێته كوردستانه‌وه".
کارزان ھەورامی




