٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لیوا عەبدولخاڵق: ئۆپەراسیۆنی دژ بە داعش نەگەیشتووەتە ناوچە كوردستانییەكان

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- نوێنەری ھەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی عێراق رایگەیاند، تاوەكو ئێستا ئۆپەراسیۆن دژی داعش ھەر لە ناوچەكانی عێراق ئەنجام دەدرێت و نەگەیشتووەتە ناوچە كوردستانییەكان، بۆ ئەو پرسەش پێویستە ھەماھەنگی لە نێوان ھەرێم و بەغدادا ھەبێت و كۆبوونەوەیەك لەو بارەیەوە ئەنجام بدرێت.

لیوا عەبدولخاڵق تەڵعەت، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئۆپەراسیۆنێكی دیكەی ھێزە عێراقییەكان لە عێراق ئەنجام دراوە لە ناوچەكانی تكریت و سامەڕا و دیالە، بەڵام ھێشتا لە ناوچە كوردستانییەكان ئۆپەراسیۆن ئەنجام نەدراوە".

تەڵعەت گوتیشی: "ھێشتا دیار نییە كەی ئۆپەراسیۆن لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ھەرێمی كوردستان بەڕێوە دەچێت، چونكە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن پێویستە كۆبوونەوە لە نێوان ھەرێم و بەغدا بەڕێوە بچێت، بۆ ئەوەی ئۆپەراسیۆنێكی ھاوبەش لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان ئەنجام بدرێت و ھەماھەنگی ھەبێت، بۆیە جارێ ماوە بڕیاری لێ بدرێت تاوەكو ئەو كۆبوونەوەیە دەكرێت".

بە هۆی جموجۆڵی داعش لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان و چەند ناوچەیەكی عێراق، حكوومەتی عێراق بڕیاری داوە ئۆپەراسیۆن دژی داعش ئەنجام بدات و تاوەكو ئێستاش لە ھەندێك شوێن ئۆپەراسیۆنی ئەنجام داوە و بەردەوامیشە، بەڵام ھێَشتا نەگەیشتوونەتە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان، كە ئەمەش پێویستی بە ھەماھەنگی لە نێوان ھەرێم و بەغدا ھەیە.

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار