٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شوان محەمەد تەھا: بەردەوامیی دانوستانی ھەرێم و بەغدا لە ماوەیەکی کەمدا بەشێک لە کێشەکان چارەسەر دەکات

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا -KDP.info-‌  ماوەی دوو ڕۆژە شاندێکی ھەرێمی کوردستان بۆ دانوستان لە بەغدایە و بڕیارە ئەمڕۆش شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی عێراق کۆ ببێتەوە بەرپرسێکی پارتییش لە بەغدا دەڵێ، گەشبینین بەشێک لە کێشەکان چارەسەر دەکرێن.

شوان محەمەد تەھا، بەرپرسی لقی پارتی لە بەغدا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان جووڵەی دانوستانەکانی چڕ کردووەتەوە بە شێوەیەکی تەندروست، دیارە سەردانەکانی ڕابردوو و ئێستای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕەنگدانەوەیەکی ئیجابیی ھەیە لەسەر کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق، ئەگەر ھەنگاوەکان بەم شێوەیە گوزەر بکەن لە ماوەیەکی کەمدا ھەندێک لە کێشەکان چارەسەر دەکرێن، چونکە کێشەکانی عێراق، کێشەی لەمێژینەن و ھەر لە نێوان ھەرێم و بەغدا نییە."

لەبارەی سەردانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانیش بۆ بەغدا بەرپرسەکەی پارتی لە بەغدا ڕوونی کردەوە: "سەردانی نێچیرڤانی بارزانی لە چەند ڕۆژی ڕابردوو بۆ لای حکوومەت و لایەنە سیاسییەکانی عێراق خۆی لە خۆیدا ئەوە ھەم ھێورکردنەوە و ھەم ھەنگاوی نوێیە، ئەو پەیامە بە حکوومەتی عێراق گەیاندراوە کە ئێمە لە کاتە ناخۆشەکانی عێراقیشدا لە پەیوەندی و ئامانجەکان بەردەوام دەبین."

شوان محەمەد تەھا گوتی: "حکوومەتی ئێستای عێراق داکۆکی لەسەر ئەوە دەکات کێشەکان سەرلەنوێ چارەسەر بکرێن، ھەروەک مستەفا کازمی گوتوویەتی وەرەقەی سپیمان ئامادە کردووە سەرلەنوێ لەسەر زۆر شت بگەینە ڕێککەوتن، ئەوەی کێشەیە لە نێوان ھەرێم و بەغدا زیاتر کێشەی سیستەمی حوکمڕانییە لە عێراق، بە ئامادەبوونی کورد لە بەغدا و ڕەنگدانەوەی لەسەر کۆی پرسەکان."

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار