پەنجا كۆمپانیای گەورەی بیانی لە هەرێم دەست بە ئەنجامدانی پڕۆژە دەكەن

ھەولێر-KDP.info- سەرۆكی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی كوردستان گوتی، كۆمپانیای زۆر زەبەلاح داوایان كردووە لە ھەرێم كوردستان پڕۆژەی گەورە ئەنجام بدەن، كە بەشێكیان كۆمپانیای بیانین و دەشڵێ: "ئێمە ئاسانكاریی تەواویان بۆ دەكەین، بۆ ئەوەی سەردانی ھەرێم بكەن و دەست بە جێبەجێكردنی پڕۆژەكان بكەن".
د. محەمەد شوكری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "كاروبارەكانی ئێمە زۆر بە باشی بەڕێوە دەچن و كۆمپانیای زۆر گەورە داواكاری بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە پێشكەش دەكەن، كە دوێنێش ڤیدیۆ كۆنفڕانسێكمان لەگەڵ ژووری بازرگانیی ئەمەریكا و نوێنەرایەتیی حكوومەتی ھەرێم لە واشنتن و كۆمەڵێك وەبەرھێنەری ئەمەریكی هەبوو، بۆیە كاری زۆر باش لە ھەرێمی كوردستان دەكرێت".
شوكری گوتیشی: "تا ئێستا 50 كۆمپانیای گەورە داواكارییان بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی گەورە لە ھەرێمی كوردستان پێشكەش كردووە، كە راستەوخۆ كاریگەری لەسەر ئابووریی ھەرێمی كوردستان دەبێت".
ناوبراو باسی لەوەش كرد: "ئێمە سەرقاڵی ئاسانكارین بۆ كۆمپانیا بیانییەكان، بۆ ئەوەی كە ھاتن كەرەنتینە بكرێن و رێكارەكانی ھەردوو وەزارەتی ناوخۆ و تەندروستی جێبەجێ بكەین، رەزامەندییشمان وەرگرتووە و بە رەچاوكردنی رێنمایی تەندروستی سەردانی ھەرێم دەكەن و بە زووییش دەست بە ئەنجامدانی پڕۆژە دەكەن".
بڵند ئیبراھیم




