وەزیری تەندروستی بۆ KDP: دۆخەكە زۆر مەترسیدار بووە

ھەولێر-KDP.info- وەزیری تەندروستیی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، دۆخەكە لە ئێستادا زۆر مەترسیدارە و نەخۆشیی كۆرۆنا بە خێرایی بڵاو دەبێتەوە، تاكە چارەسەریش، خۆپارێزی و پابەندبوونە بە رێنماییەكان و بەكارھێنانی ماسك، بۆیە پێویستە ھاووڵاتیان ئاگادار بن و زیاتر خۆیان بپارێزن.
د. سامان بەرزنجی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "بە ھۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی كۆرۆنا لە ھەرێمی كوردستان، لە ئێستادا دۆخەكە زۆر مەترسیدار بووە و پێویستە خەڵكی ھەرێمی كوردستان زۆر وریای خۆیان بن و خۆیان بپارێزن، هەروەها رێگە نەدەن بەركەوتن و دەرچوون ھەبێت و بەردەوامیش ماسك دانێن، ئەگەر نا نەخۆشییەكە بە زوویی تەشەنە دەكات".
بەرزنجی گوتیشی: " لە ئێستادا پلانی ئێمە ئەوەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشیی كۆرۆنا خەڵك ھۆشیار بێت و زیاتر خۆیان بپارێزن و رێنمایە تەندروستییەكانیش جێبەجێ بكەن، بۆ ئەوەی تووشی ئەو نەخۆشییە نەبن، چونكە دۆخەكە خراپە و و پێویستە ھاووڵاتیان ئاگادار بن، بۆیە خۆپارێزی و پابەندبوون بە رێنماییەكان و دانانی ماسك، تەنھا چارەسەرە بۆ دووربوون لە نەخۆشییەكە".
وەزیری تەندروستیی حكوومەتی ھەرێم باسی لەوەش كرد: "سەبارەت بەو دەرمانەی لە رووسیا دۆزراوەتەوە و بۆ چارەسەری كۆرۆنا بەكار دێت، ئێمە بەردەوام لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیی عێراق لەسەر هێڵین تا دەرمانەكە بهێنرێتە عێراق، ھەر كاتێكیش گەیشت، ئێمەش بۆ چارەسەر بەكاری دێنین".
بڵند ئیبراھیم




