٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

زیاد کاکە ڕەزا: ئەوەی پێویست بێت بۆ سلێمانی مەسروور بارزانی درێغیی ناکات

سەرچاوە: KDP.info

سلێمانی – PDK.info -  ڕەوشی سلێمانی لە ڕووی تەندروستییەوە گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و ڕۆژانە دەیان هاووڵاتی وەک تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمار دەکرێن، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتیش لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێ، خەڵکێک سلێمانییان کردە قوربانیی ململانێی سیاسی و مەسروور بارزانی درێغی ناکات لە ھاوکاریکردنی خەڵکی سلێمانی بۆ تێپەڕاندنی ڕەوشەکە.

زیاد کاکە ڕەزا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیش بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ڕەوشی سلێمانی لە ڕووی تەندروستییەوە مەترسیدارە و ئەگەر کۆنترۆڵ نەکرێت ئەگەری زۆرە بەرەو خراپتریش بچێت، لەبەر ئەوەش پێویستە بە ھەموو لایەک ھاوکار بین بۆ تێپەڕاندنی ڕەوشەکە و کەمکردنەوەی زیانەکانی کۆرۆنا، بەتایبەتی لە پارێزگای سلێمانی."

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە سلێمانی گوتیشی: "بەداخەوە خەڵکێک بۆ مەرامی سیاسیی خۆیان سلێمانییان بەم دەردە گەیاند، چونکە ھەر لە سەرەتاوە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕێوشوێنی گرتە بەر بۆ ئەوەی کۆرۆنا تەشەنە نەکات، بەڵام ھەندێ کەس و لایەن پڕۆپاگەندەیان بڵاو کردەوە گوایە کۆرۆنا ھەر نییە، ئەمەش بۆ دژایەتیکردنی حکوومەت و بە لاڕێدابردنی هاووڵاتییان بوو.''

پەیوەست بە ھاوکاریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، زیاد کاکە ڕەزا جەختی کردەوە: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەرەڕای نەبوونی بودجە و پارەی بەردەست ھاوکار بووە بۆ سلێمانی و ئەرکی خۆی جێبەجێ کردووە بەرامبەر بە هاووڵاتییان و ھەمووان پێی دڵخۆشن."

کاکە ڕەزا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ھاوکارییەکەی مەسروور بارزانی بۆ سلێمانی لە کۆتاییی حەفتەی ڕابردوودا کاریگەریی لەسەر پڕکردنەوەی پێداویستیی تەندروستی دەبێت و دڵنیاین ئەوەی پێویست بێت و لە توانادا بێت کاک مەسروور بۆ سلێمانی و خەڵکی کوردستان درێغیی ناکات."

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار