٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"بە ھۆی مەترسی لەسەر كەركووك، یوئێن و ھاوپەیمانان ھاتوونەتە سەر هێڵ"

سەرچاوە: KDP.info

كەركووك-KDP.info- بە ھۆی سەرھەڵدانەوەی داعش و تێكچوونی دۆخی ئەمنی لە كەركووك، شانەی قەیرانە نێودەوڵەتییەكان ھاتووەتە سەر هێڵ و باس لەوە دەكات، كە دۆخی كەركووك زۆر خراپە، بەرپرسێكی پارتیش لە كەركووك دەڵێ، بەھۆی خراپی دۆخی كەركووكەوە، یوئێنیش ھاتۆتە سەر هێڵ و بڕیارە لەگەڵ ھەردوو حكوومەتی ھەرێم و بەغدا كۆبێتەوە.

دیاری حوسێن، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتیی كەركووك -گەرمیانی پارتی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "لە دوای رووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەرەوە، ئێمە باس لە خراپیی دۆخی كەركووك دەكەین، بەڵام حكوومەتی عێراق نایەتە پێشەوە وھەر پشتگوێی دەخات، بۆیە یوئێن ھەوڵی دا كێشەكە چارەسەر بكات و پێشتریش دەستی پێكردبوو، بەڵام بە ھۆی نەبوونی حكوومەت دوای خستبوو، ئێستاش كە حكوومەت ھەیە، دەستی بە پەیوەندی كردووە بۆ ئەوەی رۆژێك دیاری بكات بۆ كۆبوونەوە تا دۆخی كەركووك ئاسایی بكرێتەوە".

حوسێن گوتیشی: "ئەگەر دۆخەكە ئاسایی نەكرێتەوە، زۆر خراپ دەبێت، چونكە داعش لەناو كەركووك و دەوروبەری كردەوە ئەنجام دەدات و حكوومەتی عێراقیش ھێزێكی زۆری كۆكردەوە و ھیچ سوودی نەبوو، هەر ئەو رۆژەش كە ھێزیان كۆكردەوە، داعش ھێرشی سەر ھێزی عێراقی كرد و ژمارەیەكی لێ كوشتن".

دەشڵێ: "یوئێن دەیەوێت ھەردوو حكوومەتی ھەرێم و بەغدا ھەماھەنگی و رێككەوتنیان ھەبێت، بۆ ئەوەی پێكەوە ئۆپەراسیۆن ئەنجام بدەن و ھاوپەیمانانیش ئاگاداری ئەوەن، چونكە ئەوانیش ھەستیان بە مەترسی كردووە، بۆیە ھاتوونە سەر هێڵ و شانەی قەیرانەكانیش دۆخی كەركووكی بە خراپ وەسف كردووە، بۆیە چاوەڕێ دەكەین یوئێن ئەو كێشەیە چارەسەر بكات".

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار