ماڵپەڕی KDP وردەکارییەکانی کۆبوونەوەی لایەنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بڵاو دەکاتەوە

ڕۆژئاوایی کوردستان - KDP.info - گەڕێکی تری دانوستاندن لە نێوان لایەنە کوردەکانی ڕۆژئاوای کوردستاندا، ئەو لایانەی لەژێر ناوی ''ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا'' و ''پارتەکانی یەکگرتووی نیشتمانیی کوردی''دان بەردەوامە.
دوێنێ دوور لە چاوی میدیاکان لە بارەگایەکی ئەمەریکا لە نزیک حەسەکە ئەنەکەسە و پارتەکانی یەکگرتووی نیشتمانیی کورد کە لە پەیەدە و هەندێک لایەنی تر پێک دێن، بە ئامادەبوونی فەرماندە مەزلووم کۆبانی و، فەرماندەی هەسەدە و بە سەرپەرشتیی ئەمەریکا کۆ بوونەوە و لە کۆتاییی کۆبوونەوەکەشدا بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاو کردنەوە.
بەیاننامەکە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی هاتووە و تێیدا ئاماژە دراوە کە بەپێی ڕێککەوتنەکە هەردوو لا گەیشتنە ڕێککەوتنێکی هاوبەش و مولزەم بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێکی دەستپێکی لەسەر هەمان بنەمای ڕێککەوتنی دهۆکی ساڵی ٢٠١٤ دەربارەی دەسەڵات و شەراکەت لە ئیدارە و کارگێڕی و پارێزگاری و بەرگری و دەستپێکە بۆ گفتوگۆکردن و دانوستاندنەکان لە نێوان هەردوولادا بەردەوام دەبن بە ئامانجی گەیشتن بە ئیمزاکردنی ڕێککەوتنێکی گشتگیر لە ئایندەیەکی نزیکدا.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە، هەردوو لا جەختیشان کردەوە کە گرنگیی هاوکاری و یەکڕێزیی کورد لە سووریا پێشوازیکراوە و بە دەستکەوت و هەنگاوێکی گرنگی میژوویی دانراوە بەرەو لیکتێگەیشتنێکی گەورەتر و هاوکاریکردنیکی کرداری بۆ ئەوەی سوود بە گەلی کورد بگەینێ لە سووریا، هەروەها بە هەموو پێکهاتەکانی تری سووریاش.
لە بەشێکی تریشدا هاتووە، ئەم لێکتێگەیشتنانە هەنگاوی یەکەمی گرنگ پێک دێنن بە سەرپەرستیی یاریدەدەری نوێنەرێ نێردراوی ئەمەریکی، تایبەت بە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، باڵێۆز ویلیام ڕۆباک و، فەرماندەی گشتیی "هەسەدە"، جەنەراڵ مەزلووم کۆبانی و هەردوو لا سوپاس و ڕێزی خۆیان بۆ هەریەک لە فەخامەتی سەرۆک مەسعوود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و پشتیوانی و هەوڵەکانیان لەپێناو یەکڕێزیی کورد لە سووریا دەربڕی، هەروەها ئەوان سوپاسی ئەمەریکایان کرد لەبارەی چاودێری و پشتیوانیی بەهێزی یەکڕیزیی گەلی کورد کە پشتیوانییان کرد لە ئایندەی سووریادا دیموکراتی و فرەلایەنی و ڕیزگرتن لە مافەکانی هەموو پیکهاتەکان جێگیر بکرێت.
سەرۆک بارزانی لە ساڵی ٢٠١٤ پەیەدە و ئەنەکەسەی لە دهۆک کۆ کردنەوە و ڕێککەوتنێکیان بۆ بەرژەوەندیی گەلی کورد لە ڕۆژئاوا دەربارەی شەراکەت لە ڕووی سیاسی و ئیداری و سەربازییەوە ئەنجام دا، بەڵام دواتر ڕێککەوتنەکە جێبەجێ نەکرا.
ئێستا لایەنەکانی ڕۆژئاوا لەژێر چاودێریی ئەمەریکا و مەزلووم کۆبانی هەمان ئەو ڕێککەوتنەی بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی بوو کردوویانە بە بنەمای گەیشتنی ڕێککەوتن و لە بەیاننامەکەشدا هەردوو لا ئەنەکەسە و پەیەدە و لایەنەکانی تر ئاماژەیان پێ داوە.
سەرۆکی وەڤدی دانوستانکاری ئەنەکەسە لە لیدوانێکی تایبەتی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستاندا دەڵێ: "لەسەر داخوازیی ئەمەریکا و دەستپێشخەریی مەزلووم کۆبانی گفتوگۆمان لەگەڵ پەیەدە کرد بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک لەسەر پرسی بۆچوونی سیاسی و تا ئیستا هەندێک خاڵی متمانە لە نێوانمان جێبەجێ نەکراون".
محەمەد ئیسماعیل گوتی: "ئێمە دەمانەوێ ئەو خاڵانە لە گفتوگۆکاندا چارەسەر بکرێ، لیکگتێگەیشتن لە نێوانماندا دروست بووە کە ڕێککەوتنی دهۆک بکەینە بنکە، چونکە ڕێککەوتنێکی باشە بۆ ڕێککەتنی هەردوو لامان تا بگەینە قۆناغی باش، و شەراکەتێکی حەقیقی و سیاسی و ئیداری و سەربازی دروست بێت بەپیێ ڕێککەوتنی دهۆک."
"ئەنەکەسە هەمیشە لەگەڵ داخوازییەکان و یەکڕێزیی گەلی کورد و بەرژەوەندی باڵای گەلی کورد و پاراستنی ناوچەکانی کورد و بەشداری کوردە لە پرۆسەی سیاسیی سووریادا لەژێر چاودێریی ئۆپۆزسیۆن و لایەنە نیودەوڵەتییەکاندا دروست دەبێت". ئیسماعیل وای گوت.
گوتیشی: "هێشتا دانوستاندن بەردەوامن و سەرۆک بارزانی و، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی پشتیوانی یەکڕیزیی گەلی کوردن لە ڕۆژائاوا"
ئاماژەی دا: "ڕاستە دوو هێزی جیاوازین و خاڵی ناکۆکیمان هەن، ئیمە جددین و دەمانەوێ لەم ڕێککەوتنانەدا ئەم خاڵانە نەهێڵین."
سەرۆکی وەڤدی ئەنەسەکەسە گوتیشی: "سەرەتا ئێمە تەنیا لەگەڵ پەیەدە کۆ دەبووینەوە، بەڵام دواتر چوارچێوەکە فراونتر کرا هەندیک حزبی تریش زیادبوون لە هەردوو لامان."
دەشڵێ: "ئێمە چاوەڕوانی ئەمەریکاین بۆ ئەوەی بانگهێشتی هەردوو لامان بکات، بەڵام ئێمە بەردەوام دەبین تا بگەین بە ڕێککەوتنی کۆتایی."
کاروان باعەدری




