٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شارەوانیی هەولێر دەستی بە جێبەجێكردنی بڕیارەكانی ئەنجومەنی وەزیران كرد

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info-  جێگری سەرۆكی شارەوانیی هەولێر ڕایگەیاند، لە سنووری پارێزگای هەولێر 120 هەزار پارچە زەویی كارت هەیە و بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران لەسەر خاوەنەكانیان تاپۆ دەكرێن.

دوێنی بە سەرپەرشتیی مەسروور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان ئەنجومەنی وەزیران بە بەشداریی جێگری سەرۆكی حكوومەت و چەند وەزیرێكی تایبەتمەند كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە تاپۆكردنی زەوییە كارتەكان لە هەرێمی كوردستان بەرێوە چوو، كە تێیدا سەرۆكوەزیران جەختی لە چارەسەركردنی كێشەی زەوییە كارتەكان و تەواوكردنی تاپۆكردنی یەكەكانی نیشتەجێبوون كردەوە.

لەسەر ئەم پرسە ئەندازیار، كارزان عەبدولهادی، جێگری سەرۆكی شارەوانیی هەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ''لە سنووری شارەوانیی هەولێر بە كۆی گشتی 120 هەزار پارچە زەویی كارت هەبوو كە لە بڕیارەكانی پێشووتر نزیكەی 65 هەزاریان بە سەر خاوەنەكانیاندا تاپۆ كرابوو."

ئاماژەی بەوەش دا: "بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران سەرجەم زەوییە كارتەكان تاپۆ دەكرێن و ئێستا لە شارەوانی لێژنەیەكی تایبەت پێك هاتووە بۆ تاپۆكردنی ئەو زەویانەی دیكە كە تا ئێستا تاپۆ نەكراون، كاری لێژنەكە دیاریكردنی گرفتەكان و پێدانی چارەسەری دەبێت لەسەر شێوازی چۆنیەتیی تاپۆكردنیان لە زووترین ماوەدا."

ئاماژەی بەوەش دا: "بەشێك لەو زەویانە پێویستیان بە ڕەزامەندیی چەند وەزارەتێك هەیە، وەك وەزارەتەكانی شارەوانی و كشتوكاڵ و دارایی و داد، لە كۆبوونەوەی هاوبەشی لێژنەكانی ئەم وەزارەتانەدا بڕیاریان لەسەر دەدرێت."

هێدی كاكەیی

هەواڵی پەیوەندیدار