٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

یاریدەدەری نوێنەری سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەرێم سەردانی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتیی کرد

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر- KDP.info - هۆشیار سیوەلی, بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوە پێشوازیی لە مۆنیاراتزی مۆتسی، یاریدەدەر و بەرپرسی سیاسیی یونامی لە عێراق کرد. بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی سوپاسی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانی کرد بۆ هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەت و دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆس و پەتای کۆرۆنا و داوای هاوکاریی زیاتری کرد بۆ زاڵبوون و تێپەڕاندنی ئەم باردۆخە مەترسیدارە جیهانییە.

لە میانەی ئەو دیدارەدا باس لە باردۆخی ئێستای عێراق و ناوچەکە بە‌گشتی و پەیوەندیی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ کرا. بەڕێز سیوەلی ڕایگەیاند، حکوومەتی هەرێم  و سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان ئامادەی چارەسەری کێشە هەڵواسراوەکانن لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ بەو مەرجانەی کە دەستووری هەمیشەییی عێراق دیاریی کردوون. بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان پەیوەست بوون بە کاریگەریی ئەو قەیرانانەی کە ڕوویان لە جیهان کردووە لەسەر هەرێمی کوردستان و، سوەیلی جەختی لە گرنگیی هەماهەنگیی زیاتری نێوان حکوومەتی فیدراڵ و هەرێم کردەوە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی ئابووری و دارایی کە لە ئەنجامی دابەزینی نرخی نەوت و داکشانی ئابووریی جیهان ڕووبەڕووی عێراق بووەتەوە. پێگە و داخوازییەکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی گفتوگۆکانی عێراق و ئەمەریکا بەشێکی دیکەی ئەو دیدارە بوو، لە قۆناغی ئێستادا عێراق پێویستی بە هاوکاریی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، ئاسایش، دامەزراندنی ئابوورییەکی گەشەسەندووی پێشکەوتوو، پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و حوکمڕانیی باش بۆ داهاتووی عێراق، ئێستا عێراق تواناکانی سنووردارن بۆیە گفتوگۆی ستراتیژیی عێراق- ئەمەریکا بۆ هەردوولا گرنگە و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی و بۆچوونی جیاوازی لایەنە نێوخۆیی و هەرێمییەکانیش گرنگن.

هۆشیار سیوەلی نیگەرانیی خۆی لەهەمبەر بەردەوامیی بەزاندنی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وڵاتی دراوسێ و هێرشیان بۆ سەر گوندە سنوورییەکان ڕاگەیاند و گوتی پاراستنی سنوورەکانی ئەرکی و بەرپرسیارێتی حکوومەتی فیدراڵە، بۆیە پێویستە کاری جددیی لەسەر بکرێت بۆ پاراستنی ژیان و ماڵی دانیشتووانی سنوورەکان. هەروەها باسی لە نەبوونی ئاسایشی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم کرد کە دانیشتووانەکەی ڕۆژانە ڕووبەڕووی تیرۆر و کوشتن دەبنەوە، ئەمەش بەرپرسیارێتیی ئەو هێزە فیدراڵیانەیە کە لەو سنوورانە جێگیر کراون، بەڵام بەداخەوە کەمتەرخەمی خەڵکی ئێمەی کردووەتە قوربانی، ئەمەش وەک لە ڕاگەیاندنی بەڕێزان سەرۆکایەتیی هەرێم و حکوومەتی هەرێمدا هاتووە پێویستە پێشمەرگەی کوردستان بگەڕێنەوە و هەماهەنگی و پێکەوەئیدارەدان پێک بێت تاکو جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ دەستوور."

پەیوەندیی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بەشێکی دێکەی دیداری نێوان مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوە و نوێنەری یونامی بوو، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی جەختی لە گرنگیی دۆزینەوەی چارەسەر و نزیکبوونەوەی جیاوازییەکان کرد، بە ئامانجی پاراستنی کوردستان و دانیشتووانەکەی، پێکەوە دەتواندرێت زیاتر و باشتر خزمەتی گەلی خۆمان بکەین."

بەڕێز مۆتسی سوپاسی ئەو دەرفەت و دیدارەی کرد و ڕایگەیاند، یونامی ئامادەی هەموو هاوکاری و هەمانگییەکە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و چارەسەری گرفت و لێکنزکردنەوەی لایەنەکان. بەڕێزیان باسی لە کار و چالاکییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی سەر بەوان لە هەرێمی کوردستان کرد و دووپاتی بەردەوامیی کاری کردەوە بەپێی توانای ئەوان. لە کۆتاییدا هەردوولا جەختیان لە گرنگی و بەردەوامیی کار و هەماهەنگیی نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکانی کردەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیران و زاڵبوون بەسەر گرفت و کێشەکاندا.

هەواڵی پەیوەندیدار