٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د. كەمال وەرتی: چاوپۆشی لە ھیچ كۆمپانیایەك ناكرێت بۆ وەرگرتنی باج

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- بڕیارە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان سیستەمی باج رێك بخاتەوە، بەڕێوەبەری گشتیی باجەكانیش دەڵێ، چاوپۆشی لە ھیچ كەس و كۆمپانیایەك ناكەن بۆ وەرگرتنی باج.

د. كەمال وەرتی، بەڕێوەبەری گشتیی باجەكان لە وەزارەتی دارایی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "یەكێك لە پلانەكانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، پێداچوونەوەیە بە سیستەمی وەرگرتنی باجەكان و بەپێی یاسا وەرگرتنی باج رێك دەخرێتەوە و لە ئێستادا كار بۆ رێكخستنەوەی باجەكان دەكرێت".

بەڕێوەبەری گشتیی باجەكان گوتیشی: "راستە ھەندێ كۆمپانیا و شوێن خۆیان لە دانی باج دەدزنەوە و نایشارینەوە، بەڵام دوای رێكخستنەوە، ھیچ كۆمپانیایەك ناتوانێت خۆی لە باجی حكوومەت بدزێتەوە".

وەرتی ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "ھیچ كۆمپانیایەكی حزبی یان خاوەن دەسەڵات نییە بە ئاشكرا خۆی لە دانی باج بدزێتەوە، بەڵام ئەوانەی باج نادەن بە حكوومەت، ھەموو تێكەڵە و وەك حكوومەت چاوپۆشی لە ھیچ كۆمپانیایەك ناكەین لە وەرگرتنی باج".

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار