٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

حكوومەتی هەرێم ساڵانە یەك ملیار دۆلار لە ئاوارەكان خەرج دەكات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- بە مەبەستی باشتركردنی رەوشی ئاوارە و پەنابەران، ساڵانە لە جیهاندا لە رۆژی 16ی حوزەیران چەندین چالاكیی جۆراوجۆر بەڕێوە دەچن وەك فشارێك بۆ سەر حكوومەتەكان بۆ خزمەتكردنی زیاتری پەنابەران. بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هەماهەنگیی قەیرانەكانیش دەڵێ، جگە لە ئاوارەكانی ناوخۆی عێراق، زیاتر لە 265 هەزار پەنابەر لە هەرێمی كوردستان دەژین و تەواوی خەرجییەكانیشیان لە ئەستۆی حكوومەتی هەرێمە.

هۆشەنگ محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هەماهەنگیی قەیرانەكان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "جگە لە 800 هەزار ئاوارەی ناوخۆی شارەكانی عێراق، لە هەرێمی كوردستان 265 هەزار پەنابەر دەژین، كە تەواوی خزمەتگوزارییەكانیان لەسەر حكوومەتی هەرێمە و تێچووی هەر پەنابەرێك لەسەر حكوومەتی هەرێم مانگانە 78 دۆلاری ئەمەریكییە، كە بە تێكڕایی خەرجیی پەنابەران و ئاوارەكانیش لە كوردستان، ساڵانە زیاتر لە یەك ملیار دۆلار دەبێت".

محەمەد ئاماژەی بەوەش دا: "لە كۆی ئەو 265 هەزار پەنابەرە، 245 هەزاریان خەڵكی سووریان و 20 هەزارەكەی دیكەش خەڵكی وڵاتەكانی توركیا و ئێران و فەلەستینن و 40% كۆی گشتیی ئەو پەنابەرانەش، لە 10 كەمپ نیشتیەجێ كراون، كە پێنجیان دەكەونە شاری دهۆك و چواریان لە هەولێر و یەكیان لە شاری سلێمانییە، هەروەها 60%ی دیكەش لە ناو شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان ژیان بە سەر دەبەن".

بەرێوەبەری گشتیی ناوەندی هەماهەنگیی قەیرانەكان دەشڵێت: "حكوومەتی هەرێم تەواوی حزمەتگوزارییەكانی بە خۆڕایی بۆ ئاوارە و پەنابەران دابین كردووە، وەك: ئاوی خاوێن و كارەبا، خوێندن و تەندروستی و چەندین سێكتەری دیكە، كە بەشێك لە رێكخراوەكانیش هاوكارن بۆ خزمەتكردنی پەنابەران لە هەرێمی كوردستان".

 

هێدی كاكەیی

هەواڵی پەیوەندیدار