٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عەلی خەلیل: ڕەوشی مووسڵ بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر دەچێت

سەرچاوە: KDP.info

مووسڵ -PDK.info-  دوێنێ وەزیری ناوخۆی عێراق بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە خراپیی ڕەوشی مووسڵ سەردانی ئەو شارەی کرد. بەرپرسێکی پارتیش لە مووسڵ دەڵێ، ئەگەر چارەسەری بۆ نەکرێت، ڕەوشەکە بەرەو خراپتر دەچێت.

عەلی خەلیل، بەرپرسی لقی چواردەی پارتی لە مووسڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ڕەوشی مووسڵ ئاڵۆزە و ئەگەر چارەسەری بۆ پەیدا نەبێت ئەوە بێگومان ڕەوشی مووسڵ بەرەو خراپتریش دەچێت، چونکە ئێستا داعش دەستی بە جووڵە کردوە و مەترسیی پەیدا کردووە لەسەر ھەموو عێراق، نەک مووسڵ، ھۆکاری سەرەکیی تێکچوونی ڕەوشی مووسڵیش پەیوەستە بە پشتگوێخستنی مووسڵ لەلایەن بەغداوە."

بەرپرسەکەی پارتی دەڵێت: "ژمارەیەک ھێزی ئەمنی و سەربازی لەنێو مووسڵ ھەن کە خۆیان سەرچاوەی کێشەن و پێویستە حکوومەتی عێراق و وەزیری ناوخۆش ئەو پرسە چارەسەر بکات."

عەلی خەلیل ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "خەڵکی مووسڵ سەرباری نەبوونی خزمەتگوزاری و پێداویستیی سەرەتای ژیان، بەھۆی نەبوونی گەرەنتیی ئەمنییەوە ژیانیشیان لە مەترسیدایە، ئێمە دڵگرانین و ھاووڵاتییانی ئێمە ژیانیان لە مەترسیدایە، چونکە نەبوونی ڕەوشێکی ئەمنیی جێگیر کاریگەریی کردووەتە سەر ڕەوشی مووسڵ."

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار