٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لیوا عەبدولخاڵق تەڵعەت: بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچە کوردستانییەکان پێویستە بۆشاییە ئەمنییەکان پڕ بکرێنەوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info-  نوێنەری ھەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە لە فەرماندەییی ئۆپەراسیۆنی عێراق گوتی، ھۆکاری جموجۆڵی داعش لە ناوچە کوردستانییەکان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە نێوان ھێزی پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکاندا بۆشاییی ئەمنی ھەیە لە سنووری کەلار تا دەگاتە مەخموور، بۆ کۆنترۆڵکردن و پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە پێویستە ھێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە و بە ھاوبەشی لەگەڵ ھێزە عێراقییەکان ئۆپراسیۆن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەو ناوچانە ئەنجام بدەن."

نوێنەری ھەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە لە فەرماندەییی ئۆپەراسیۆنی عێراق، لیوا عەبدولخاڵق تەڵعەت، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئەو بۆشاییەی کە ھەیە لە نێوان ھێزی پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان ھۆکارێکی سەرەکییە بۆ ئەوەی کە داعش بتوانێ بەئاسانی ھاتوچۆ لەو ناوچانە بکات، بۆیە پێویستە ھەماھەنگییەکی تەواو بکرێت لە نێوان ھێزی پێشمەرگە لەگەڵ حکوومەتی عێراق کە بتواندرێت ئەو بۆشاییە کە لە نێوان ھەردوولاماندا ھەیە پڕ بکرێتەوە."

لیوا عەبدولخالق تەڵعەت گوتیشی: "پێویستە بۆشاییەکان لە سنووری کەلار تا دەگاتە سنووری مەخموور ھەموو پڕ بکرێنەوە، بۆیە پێویستە ئەو بۆشاییە پڕ بکرێتەوە بۆ ئەوەی متمانە لە نێوان ھەردوولادا بگەڕێتەوە و بەئاسانی کۆنترۆڵی ئەو ناوچانە بکرێت و ڕێگری لە تیرۆریستانی داعش بکرێت. نوێنەری ھەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە لە فەرماندەییی ئۆپەراسیۆنی عێراق ڕوونیشی کردەوە، ھەوڵەکان بەردەوامن و ھەوڵ دەدرێت کە ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش لەگەڵ حکوومەتی عێراق لەو ناوچانە دژی تیرۆریستانی داعش ئەنجام بدرێن."

گوتیشی: "نازانین دیاری بکەین ژمارەی داعش چەندە و ئێمە باسی سنووری کورد دەکەین و ئەو ناوچانەی داعش جموجۆڵی لێ دەکات و تەعدا لە خەڵک دەکات بۆ ئەوەی کۆنترۆڵ بکرێن، پێویستە ھێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە بۆ ئەو ناوچانە بۆ ئەوەی بە ھاوبەشی لەگەڵ حکوومەتی عێراق کۆنترۆڵی ئەو ناوچانە بکرێت، بۆ ئەوەی داعش نەتوانێ بەئاسانی زەفەرمان پێ ببات."

ماڵپەڕی ''حوڕییە''ی ئەمەریکی بڵاوی کردووەتەوە، کە لە سووریا و عێراق نزیکەی ١٩ھەزار داعش ھەیە کە حەوت ھەزاریان بەفیعلی کردەوە ئەنجام دەدەن و ١٢ھەزاریش لەڕووی لۆجستییەوە ھاوکارییان دەکەن، بەڵام لەڕووی چاڵاکییەوە چاڵاک نین و پێش دوو ڕۆژ لە سنووری خانەقین ھێرشیان کردە سەر گوندێکی کوردنشین و ژمارەیەک کوردی کاکەیییان شەھید کرد و جموجۆڵیشیان لە ناوچە کوردستانییەکان بەردەوامە.

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار