سەرجەم پاڵاوگە نایاساییەكانی سنووری هەولێر دادەخرێن

هەولێر-KDP.info- قایمقامی قەزای ناوەندیی هەولێر رایگەیاند، بۆ بنبڕكردنی ئەو بۆنە ناخۆشەی كە شەوانە بەسەر هەولێردا دێت و جێبەجێكردنی بڕیارەكانی ئەنجومەنی وەزیران، سەرجەم پاڵاوگە نایاساییەكانی سنووری هەولێر دادەخرێن.
نەبەز عەبدولحەمید، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "لە سنووری پارێزگای هەولێر زیاتر لە 115 پاڵاوگەی نایاسایی هەن و بە گوێرەی یاسا كارپێكراوەكانی هەرێمی كوردستانیش، دەبێ دابخرێن، بۆ ئەم مەبەستەش هەڵمەتێكی مەیدانیمان بۆ داخستنیان دەست پێكرد و ئەمڕۆش سەردانی چەند پاڵاوگایەك كراوە".
قایمقامی قەزای ناوەندیی هەولێر دەشڵێت: "ئەم پاڵاوگانە سەرچاوەی ئەو بۆنە ناخۆشەن كە شەوانە بەسەر شاری هەولێردا دێت، ئەوە جگە لەوەی هیچ مۆڵەتێكی كاركردنیان نییە و بە گوێرەی یاساش مۆڵەتیان پێ نادرێت، بۆیە دوای پێكهێنانی لیژنەیەكی باڵا، دەست بە داخستنیان دەكرێت و لە ئێستاشدا بڕیارەكە لە واری جێبەجێكردنیدایە و خاوەن پاڵاوگەكانیش دەبێ پابەندی بڕیارەكانی حكوومەت بن".
هێدی كاكەیی




