شارەزایان: بڕیارەكانی سەرۆكوەزیران بۆ هەمەچەشنكردنی كەرتی ئابووری، ستراتیژین

هەولێر-KDP.info- لە ماوەكانی رابردوودا، بە سەرۆكایەتیی مەسروور بارزانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران، چەندین كۆبوونەوە بۆ هەمەچەشنكردنی كەرتی ئابووری ئەنجام دران، لە سەرەتای كابینەكەشەوە تا ئێستا حكوومەت چەندین بڕیار و رێنمایی بۆ ئەم بابەتە دەركردووە، شارەزایانی ئابوورییش پێیان وایە، بڕیارەكانی سەرۆكوەزیران بۆ هەمەچەشنكردنی كەرتی ئابووری، ستراتیژین.
سیپان عەزیز شێروانی، مامۆستای زانكۆی سەڵاحەددین و شارەزای ئابووری، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "كابینەی تازەی حكوومەت زۆر كاری بۆ هەمەچەشنكردنی سەرچاوەكانی داهات كردووە، كە ئەمە لە داهاتوویەكی نزیكدا كاریگەرییەكی گەورەی ئابووریی دەبێت، بۆ ئەوەی نەوت نەبێتە تاكە سەرچاوە، جگە لەوەش خەرجییەكان بە گشتی كەم كرانەوە و خزمەتگوزارییەكان زیاتر كران، كە ئەمە لە رووی ئابوورییەوە كاریگەریی زۆری دەبێت لە داهاتوودا و بڕیارەكانیش لە رووی ئابوورییەوە، بڕیاری ستراتیژین".
شێروانی دەشڵێت: "لە ماوەی چوار مانگی سەرەتای كابینەكەدا، بینیمان داهاتی ناوخۆ 100% زیادی كرد، كە ئەمە لە داهاتوودا كاریگەریی ئێجگار گەورەی دەبێت بۆ زیادكردن و هەمەچەشنكردنی داهات، بۆیە دەكرێت لە رووی ئابوورییەوە ئەم بڕیارانەی سەرۆكوەزیران وەك شۆڕشێك لە بواری ئابووریدا سەیر بكەین، چونكە جگە لەم دەستكەوتانە، دەرفەت بۆ هیچ كەسێك نەما لە نەدانی باج یاخود بەخشین لە باج، كە ئەمانە دەبنە هۆی بەهێزكردنی حكوومەتیش".
ئەو مامۆستایەی زانكۆ ئاماژەی بەوەش دا: "بڕیارەكانی سەرۆكوەزیران بۆ هەمەچەشنكردنی كەرتی ئابووری، ستراتیژین، ئەگەرچی ئێستا كاریگەرییەكانی بە روونی دەبینرێت، بەڵام ئەگەر دۆخەكە ئاسایی بووایە و كۆرۆنا نەبووایە، ئەو كات خەڵك هەنگاوەكانی بە باشتر دەبینی، بەڵام بە گشتی كاریگەریی بڕیارەكان لە چوار ساڵی ئایندەدا بە روونی دەبینرێت".
هەر لەو بارەیەوە، ئاوارە بەختیار رەسووڵ، مامۆستای زانكۆی سەڵاحەددین لە كۆلێژی كارگێڕی و ئابووری، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "هەمەچەشنكردنی كەرتی ئابووری و سەرچاوەكانی داهات، بڕیاری ستراتیژین، بەڵام گرنگە حكوومەت بە شێوەیەكی تەریب لەگەڵ چاكسازی ئەم پڕسە بەڕێوە ببات، چونكە ناكرێت هەر داهاتێك هەبێت، بۆ مووچە بێت، بۆیە چاكسازی كردن و هەمەچەشنكردنی داهات، پێكەوە كاریگەرییەكان زیاتر دەكەن لەسەر كەرتی ئابووریی كوردستان".
ناوبراو هەروەها دەشڵێت: "لە سەرەتای كارنامەكەی سەرۆكی حكوومەت، كە لە پەرلەمان خوێنرایەوە، باسی چاكسازی و ریفۆرمی ئابووری كرا و ئێستاش لە واری جێبەجێكردندایە، كاتەكەشی گونجاوە بە هۆی ئەو دۆخەی دروست بووە لە كەمیی داهات و هەبوونی گفتوگۆ لە نێوان هەولێر و بەغدا، كە تەوەرێكی رێكخستنەوەی دەروازەكان و بابەتی باجە، بۆیە گرنگە حكوومەت ببێتە حكوومەتێكی خۆبەڕێوەبەر لە ئەنجامی هەمەچەشنكردنی سەرچاوەكانی داهات".
هێدی كاكەیی




