وەزیری شارەوانی: ھەموو ئامادەکارییەک بۆ تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ کراوە

هەولێر- PDK.info- بەپێی بڕیاری حکوومەت پەرلەمان لە ماوەیەکی نزیکدا پڕۆسەی تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ دەست پێ دەکات و وەزیری شارەوانیش دەڵێ، ھەموو ئامادەکارییەک کراوە بۆ دەستپێکردنی پڕۆسەکە.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە مالپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "وەزارەتی شارەوانی ھەموو ئامادەکارییەکی کردووە بۆ دەستپێکردنی پڕۆسەی تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ لە ھەرێمی کوردستان، بەڵام جگە لە شارەوانی لایەنی دیکە تێیدا بەشدارە، چونکە پارێزگاکان و یەکە کارگێڕییەکان پڕۆسەکە جێبەجێ دەکەن و دوو جار لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە نووسراو بۆ پارێزگاکان کراوە تا خانووی زێدەڕۆ بەپێی یاسا تاپۆ بکرێن."
وەزیری شارەوانی گوتیشی: "سەرۆکی شارەوانییەکانی ئێمە بەشدارن و نوێنەر لە پرۆسەی تاپۆکردن، بەڵام پێویستە ھاووڵاتییانیش سەردانی یەکە کارگێڕییەکان بکەن بۆ ئەنجامدانی مامەڵەی تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ.''
ساسان عەونی ڕوونی کردەوە: "لە ساڵی ٢٠١٨ یاسای ژمارە ٢ دەرچووە بۆ لێپرسینەوە لەو کەسانەی زێدەڕۆیی دەکەنە سەر زەویی حکوومەت و، لەلایەن حکوومەتەوە ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ئەوکەسانەی سەرپێچی دەکەنە سەر زەویی حکوومەت دەگیرێتە بەر."
قائید میرۆ




