کرمانج عەبدوڵڵا: ھێزە عێراقییەکانمان ئاگادار کردووەتەوە نەبنە بەشێک لە پیلانەکانی پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک

کەرکووک - PDK.info- نزیکەی ٤٠ گوندی کورد لە ناوچەکانی دبس و قەراج و سەرگەڕان ھەڕەشەی دەرکردنیان لێ دەکرێت و پارێزگاری بەزۆرسەپێندراوی کەرکووکیش دەیەوێ عەرەبی ھاوردە بگەڕێنێتەوە سەر گوندەکانی کورد. بەرپرسێکی پارتیش لە ناوچەکە دەڵێ، لە ڕێگەی سەرکردایەتیی خۆمانەوە ڕێگربووینە لە پیلانی عەرەباندنی ناوچەکە.
کرمانج عەبدوڵڵا، بەرپرسی لقی ٢٣ی قەرەچۆغ، بە ماڵپەڕی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە ساڵی شەستەکان ژمارەیەک عەرەبی شۆڤێنی ھاوردەی ناوچەکانی مەخموور و سەرگەڕان کرابوون و دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراق گەڕانەوە شوێنی خۆیان و کورد گوندەکانی وەرگرتەوە، گوندەکانی کورد لەو سنوورە قۆچانی بەر لە ٢٠٠ ساڵیان ھەیە و ھەمووی زەویی کوردە، بەداخەوە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر عەرەبەکان زۆر ھەوڵیان دا بگەڕێنەوە سەر ئەو گوندانەی مڵکی کورد و خاکی کوردستانن.''
بەرپرسەکەی پارتی گوتی: "ئێستا پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک لەسەر داوای یەکێک لە شێخە ھاوردەکراوەکانی عەرەب نووسراوی کردووە بۆ گەڕانەوەی عەرەبی ھاوردە بۆ سەرگەڕان و دەشتی قەراج، کە ژمارەیان دەیان گوندە، لە نووسراوی پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووکدا ھاتووە، کورد کە خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکەن دەربکرێن و عەرەبی ھاوردە نیشتەجێ بکرێن."
کرمانج عەبدوڵڵا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ھەرزوو وێنەیەک لە نووسراوەکەی ڕاکان جبووریمان دەست کەوت و ئاگاداری سەرووی خۆمان کردەوە و سەرکردایەتیی پارتی لە ڕێگەی نوێنەرایەتیی حکوومەتی ھەرێم و بەرپرسانی کورد لە بەغدا ئەو ھێزانەی ناوچەکە ئاگادار کراونەتەوە لەوەی بە ھیچ شێوەیەک نابێت ئەوان ببنە بەشێک لە پیلانەکانی پارێزگاری بەزۆرسەپێندراوی کەرکووک."
قائید میرۆ




