٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەرپرسى پەیوەندییەکانى پارتى پێشوازی لە بەرپرسى بەرەى تورکمانى کرد

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP. info-  ئەمڕۆ عەلى حسین، بەرپرسى مەکتەبى پێوەندییەکانى کوردستانى و عێراقى پارتى دیموکراتى کوردستان، بە ئامادەبونى بەرپرسى دیسکى پارتە تورکمانییەکان و ئەندامانى مەکتەب، پێشوازى لە ئایدن مەعروف ئەندامى مەکتەبى سیاسى و، بەرپرسى بەرەى تورکمانى لە هەرێمى کوردستان و شاندێکى یاوەرى کرد.

لە سەرەتاى دیدارەکەدا بارودۆخى سیاسى ناوچەکەو پرسە سیاسییەکانى ئەمڕۆى هەرێمى کوردستان و عێراق و شارى کەرکووک و بارودۆخى ئابوورى و تەندروستى و بڵاوبوونەوەى فراوانى پەتاى کۆڕۆناو هەنگاوەکانى خۆپارێزى و زیانە گیانییەکان لەم بارەیەوە باسى لێوە کرا، هاوکات پێوەندییەکانى نێوان هەردوولاو پاراستنى یەکریزى و پتەوکردنى گیانى برایەتى و پێکەوەژیانى کوردو تورکمان و تەواوى پێکهاتەکان لە پێناو خزمەتکردن بە ئەزموونى دیموکراسى و خەڵکى کوردستان تەئکیدى لەسەر کرایەوە.

هەر لەو دیدارەدا ئایدن مەعروف تەئکیدى کردەوە بەشدارى کردنى پارتەکەیان لە کابینەى نوێ و وەرگرتنى پۆستى وەزیرى هەرێم بۆ پێکهاتەکان لە حکوومەتى کوردستان جێگاى بایەخە بۆ تەواوى پێکهاتەکان و رەنگدانەوەى بەرپرسیارەتى و دیموکراسى و پاراستنى بەرژەوەندییەکانى پێکهاتەکان دەخاتە روو، هاوکات  تەئکیدى کردەوە نیگەرانین لەو بارودۆخەى شارى کەرکوک و هەوڵەکان بۆ تەعریبێکى نوێ و گۆرینى دیموگرافیاى ناوچەکە و پارێزگارى کەرکووک تەنیا بۆ بەرژەوەندى پێکهاتەیەک و شەخسى کاردەکات، لەم بارەیەوە هەڵوێستى خۆمان هەبووەو بەراى گشتیمان راگەیاندووە، هەر سەبارەت بەپرسى کەرکووک هەردوولا تەئکیدیان کردەوە شارەکە پێویستى بەهەماهەنگى کارکردنى هاوبەشى زیاترە لەپێناو ئاسایى کردنەوە گەرانەوەى موتمانەو رێگە گرتن لەکارە نایاساییەکان.

هەر لەم دیدارەدا بەرپرسى پەیوەندییەکانى پارتى تەئکیدى کردەوە ستراتیژییەت و ئامانجى سەرۆک بارزانى و پارتیش خزمەت بووە بۆ پاراستنى ماف وبەرژەوەندى تەواوى پێکهاتەکان لە هەرێمى کوردستان و عێراق ئەمەش بەکردەوە بۆ هەموو پێکهاتەکان و تایبەت بۆ برا تورکمانەکان سەلمێنراوە، هاوکات ئایدن مەعروف خۆشحاڵى خۆیان بەم هەنگاو و پێشوە چونانەى نێوان هەردوولا دەربرى و پاڵپشتى و هەماهەنگى خۆیان بۆ سەرکەوتنى حکوومەتى کوردستان تا دواین هەنگاوەکانى ئەم کابینەیە لەپێناو زیاتر خزمەتکردنى خەڵکى کوردستان و پاراستنى بەرژەوەندی و مافى هەموو پێکهاتەکان بەگشتى دووپات کردەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار