٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ باڵیۆزى به‌ریتانیا كۆبووه‌وه‌

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌مه‌ 14/6/2020 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ به‌ڕێز ستێفن هیكى، باڵیۆزى به‌ریتانیا له‌ عێراق كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا كه‌ به‌ڕێز جه‌یمس سۆرنتۆن كونسولى گشتیى به‌ریتانیا له‌ هه‌ولێر ئاماده‌ى بوو، دوایین پێشهاته‌كانى بڵابوونه‌وه‌ى ڤایرۆسى كۆرۆنا و هه‌وڵ و ڕێكاره‌كانى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، له‌گه‌ڵ كاریگه‌رییه‌كانى به‌تایبه‌تى له‌ بوارى ئابووریدا له‌سه‌ر عێراق، هه‌رێمى كوردستان و جیهان و چۆنیه‌تیى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یان تاوتوێ كران.

ده‌ستبه‌كاربوون و به‌رنامه‌ى كار و هه‌نگاوه‌كانى حكوومه‌تى تازه‌ى فیدراڵى عێراق به‌ سه‌رۆكایه‌تیى به‌ڕێز مسته‌فا كازمى و كێشه‌ و قه‌یران و ته‌حه‌دییه‌كانى به‌رده‌مى، په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فیدراڵ و هه‌وڵ و دیالۆگى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوانیان له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوورى عێراق، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.

هه‌ردوولا هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسییه‌كانى سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ و به‌هێزبوونه‌وه‌ى داعشیان خسته‌ به‌ر باس كه‌ ماوه‌یه‌كه‌ جموجووڵه‌كانى له‌ چه‌ندین ناوچه‌ى عێراق په‌ره‌ى سه‌ندووه‌ و هاووڵاتیان و هێزه‌كانى عێراق به‌ ئامانج ده‌گرن، له‌مباره‌یه‌وه‌ داكۆكى له‌ گرنگیى به‌رده‌وامیى پشتگیریى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر و هاوكارى و هه‌ماهه‌نگیى نێوان هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فیدرالى عێراق كرایه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان، په‌یوه‌ندییه‌كانى به‌ریتانیا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و خواستى هه‌ردوولا بۆ به‌ره‌وپێشبردنیان، دیالۆگى ستراتیژى عێراق ـ ئه‌مه‌ریكا و چه‌ند پرسێكى دیكه‌ى جێى بایه‌خى هاوبه‌ش، باس كران.

 

هەواڵی پەیوەندیدار