٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د. محەمەد: خۆپارێزی بەردەوام بێت، ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا كەم دەبێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە رێكاری نوێ بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەردەوامە و، گوتەبێژی وەزارەتەكەش دەڵێ، گەر خۆپارێزی بەردەوام بێت، دوو هەفتەی دیكە رێژەی تووشبوون كەم دەبێتەوە.

د. محەمەد قادر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە ھەرێمی كوردستان ١٨ نەخۆشخانە تایبەتن بە چارەسەركردنی ھەڵگرانی ڤایرۆسی كۆرۆنا و ئەگەر پێویست بكات ژمارەی نەخۆشخانەكان زیاتریش دەكرێن، كە بەشێك لەو نەخۆشخانانە لەلایەن كەرتی تایبەتەوە دروست كراون و ھەندێكیشیان نەخۆشخانەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانن".

لەبارەی ھاوكارییەكان بۆ كەرتی تەندروستی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی دەڵێت: "ھاوكاری لە ناوخۆ و دەرەوە ھەیە، بەڵام ھاوكاریی لۆجستین كە بریتین لە پێداویستیی پزیشكی بۆ چارەسەركردنی ھاووڵاتیان و بەردەوامیش ھاوكارییەكان دەگەنە وەزارەت، بەڵام وەك لایەنی دارایی، كەس ھاوكاری نەكردووین لە دەرەوە".

د. محەمەد ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "ئێستا قۆناغی تاكپارێزییە و پێویستە ھەر ھاووڵاتییەو لە شوێنی خۆی رێنماییەكانی خۆپارێزی جێبەجێ بكات، بێگومان ئەزموونی خۆپارێزی لە وڵاتان سەركەوتوو بووە و ئێمەش دڵنیاین ھاووڵاتیان بەو شێوەیە پابەند بن، تا دوو هەفتەی دیكە ئامارەكان بە رێژەیەكی بەرچاو دادەبەزن".

دەشڵێ: "ئێمە نازانین سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی خێرای كۆرۆنا چییە لە ھەرێمی كوردستان، بەڵام لە رۆژھەڵاتی ناڤین بە گشتی تا دێت دژوارتر دەبێت و پەتاكە بە خێرایی بڵاو دەبێتەوە".

 

قائید میرۆ  

هەواڵی پەیوەندیدار