د. سامان: به‌غدا بڕێك بوودجه‌ی تری بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ هه‌رێم دابین كرد

به‌غدا -KDP.info- وەزیری ته‌ندروستیی حكوومه‌تی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامه‌وانیدا له دوای كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ وه‌زیری ته‌ندروستیی حكوومه‌تی عێراق ڕایگه‌یاند، به‌غدا بڕێك بوودجه‌ی تری بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ هه‌رێم دابین كرد.
د. سامان به‌رزنجی، وەزیری ته‌ندروستیی هەرێمی کوردستان ڕایگه‌یاند: "ئه‌مڕۆ شاندێكی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی سه‌ردانی به‌غدامان كرد بۆ كۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ به‌رێزان وه‌زیری ته‌ندروستیی حكوومه‌تی عێراقی فیدڕاڵ و نوێنه‌رایه‌تیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له به‌غدا، خۆشبه‌ختانه له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ جه‌نابی وه‌زیری ته‌ندروستی به دوورودرێژی له‌سه‌ر دۆخی كۆرۆنا و به شێوه‌یه‌كی گشتی ته‌ندروستی له هه‌رێمی كوردستان و ئالیه‌تی په‌یوه‌ندی و هه‌ماهه‌نگی باسی لێوه كرا، له‌و كۆبوونه‌وه‌یەدا سوپاسی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانمان گه‌یاند به جه‌نابی وه‌زیری ته‌ندروستیی حكوومه‌تی فیدڕاڵ بۆ ئه‌و پاڵپشتی و پشتگیری و هه‌ماهه‌نگییه‌ی له ڕه‌وشی كۆرۆنا هه‌بووه به دابینكردنی بوودجه،"
د. سامان به‌رزنجی ڕایشیگه‌یاند: "به سوپاسه‌وه وه‌زیری ته‌ندروستیی حكوومه‌تی عێراق بڕیاری دا به‌شێكی تری بوودجه بۆ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ته‌رخان بكات بۆ دابینكردنی پێداویستیی پزیشكی بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه و هه‌ڵمه‌تی خۆپارێزی و چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م نه‌خۆشییه له هه‌رێمی كوردستاندا."
د. سامان، گوتی: "وه‌زیری ته‌ندروستیی حكوومه‌تی فیدڕاڵ تەئكیدی كرده‌وه كه له گرێبه‌سته‌كانی ته‌ندروستیی عێراق بۆ دابینكردنی پێداویستییه پزیشكییه‌كان و ئامێره‌كان له كاتی گه‌یشتنیان به‌شی هه‌رێمی كوردستان ده‌دات ".
وەزیری ته‌ندروستی گوتیشی: "چه‌ند خالێكی تری گفتوگۆ له نێوانماندا هه‌بوو له‌سه‌ر پرۆژه و خزمه‌تگوزاریی تری جگه له كۆرۆنا له هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێ بۆ دابینكردنی ده‌رمانی پزیشكی، هه‌روه‌ها به‌رێزیان تەئكیدی كرده‌وه كه ئالیه‌تی هه‌ماهه‌نگی له نێوانمان زۆر باش ده‌بێت و پاڵپشتی و پشتگیریی خۆی دووپات كرده‌وه و وه‌ك ده‌زانین ئه‌و دۆخه پێویستی به هه‌ماهه‌نگیی پته‌و هه‌یه و نه‌خۆشخانه‌كانی هه‌رێمی كوردستانیش پێویستیان به پێداویستیی پزیشكیی زۆر هه‌یه، چونكه ڕۆژانه ئه‌و پێداویستییانه به‌كار دێت.''
ئاماژەی بەوەش دا: "له ڕووی زانستی و ڕێنمایییەوە كۆمه‌ڵێك بڕیار و ڕا و بۆچوون گۆڕایه‌وه، سوپاسیان ده‌كه‌ین و كۆبوونه‌وه‌یه‌كی زۆر به‌سوود بوو، هیوادارین به‌رێزیان به‌رده‌وام بێت وه‌كو له ڕابردووش به‌رده‌وام لەسه‌ر هێڵ بوو، ڕۆژانه قسه ده‌كه‌ین.''
له‌و كۆنگره ڕۆژنامه‌وانیەکەدا د. حه‌سه‌ن ته‌میمی، وه‌زیری ته‌ندروستیی حكوومه‌تی عێراقی فیدڕاڵ گوتی: "هه‌ماهه‌نگی له نێوانمان یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت بۆ ڕێگریكردن له ته‌شه‌نه‌نه‌كردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا و سوپاسی ته‌واوی كادیرانی ته‌ندروستیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و سوپاسی هه‌وڵه‌كانی وه‌زیری ته‌ندروستیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ته‌واوی به‌ڕێوبه‌ره گشتییه‌كان ده‌كه‌ین كه به‌رده‌وام له‌سه‌ر هێڵ بوونه بۆ ڕزگاركردنی هاووڵاتییان له‌و په‌تایه و، په‌نا به خوا له ماوه‌یه‌كی نزیكدا له ته‌واوی عێراق به ته‌واوی كۆنترۆڵی ڤایرۆسی كۆرۆنا ده‌كه‌ین.''
نه‌شوان به‌رزنجی




