٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەفار: ھەرێم و بەغدا وەرەقەی خۆیان ئامادە کردووە.. شاندی ھەرێم دێتە بەغدا

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بڕیاردەری لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دەڵێ، ھەرێم و بەغدا وەرقەی داواکاری خۆیان بۆ گفتووگۆکردن ئامادەکردووە و ھەفتەی داھاتوو، شاندی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات و دەست بەگفتووگۆ دەکەن بۆ رێککەوتن و، دواتر رێککەوتنەکە دەخرێتە ناو بودجە و ئەم جارە ھەموو کێشەکان بەیەک پاکێج چارەسەر دەکرێن.

د. ئەحمەد سەفار، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "دوێنێ وەزیری داراییمان میوان کردبوو لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لەباری وەرگرتنی قەرز لەلایەن حکوومەتی عێراق، پرسیارمان لێ کرد لەباری پشکی ھەرێم لە قەرزەکە، ئەویش باسی لەوەکرد کە حکوومەتی عێراق وەرەقەیەکی داواکاری ئامادەکردووە و حکوومەتی ھەرێمیش وەرەقەیەکی ئامادەکردووە، ھەفتەی داھاتوو شاندی ھەرێم دێتە بەغدا و دەست بەگفتووگۆ دەکەن، بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتن".

سەفار گوتیشی: "گفتووگۆکان تەنیا باسی مووچە نابێت، باسی ھەموو پرسە داراییەکان دەکرێت بە یەک پاکێج، وەکو مووچە و داھاتی گومرگەکان و داھاتی نەوت و ھەموو پرسەکان بەیەک پاکێج چارەسەر دەکرێن و، دەخرێتە ناو بودجە بۆ ئەوەی پەسەند بکرێت".

سەفار باسی لەوەشکرد، "ئەوان باسیان لەوە کرد ئەمساڵ پڕۆژە یاسای بودجە نەبێت، بەڵام ئێمە رازی نەبووین و داوامان کرد کە بۆ شەش مانگ بودجە ئامادە بکەن" .

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار