ڕاگەیەندراوێک لە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستانەوە

ھەولێر-KDP. info-دوای ئەوەی کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، حاڵەتیکی پۆزەتیڤی کۆرۆنا لەناو فەرمانبەرانی دیوانی پەرلەمانی کوردستان هەبوو، وەک پابەندبوونیکی تەواو بە ڕێنماییە تەندروستییەکان، دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان بڕیاری دا کە پشکنینی کۆرۆنا بۆ سەرجەم ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان و فەرمانبەرانی پەرلەمان بکرێت.
ڕۆژی ٩ی ٦ی ٢٠٢٠، بە سوپاسەوە چەند تیمێکی پشکنینی تاقیگەی ناوەندی لەسەر ڕێنماییی وەزارەتی تەندروستی هاتنە پەرلەمانی کوردستان و پشکنینیان بۆ دەستەی سەرۆکایەتی و ١٩٧ ئەندامی پەرلەمان و فەرمانبەرانی دیوانی پەرلەمان ئەنجام دا.
دیارە بەداخەوە چەند حاڵەتێکی پۆزەتیڤ لەم پشکنینانەدا هەن و دواتر لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە وردەکارییەکان ڕادەگەیەنرێت.
وەک پابەندبوون بە ڕێنماییە تەندروستییەکان کە دەبێت سەرجەم بەرکەوتووەکان خۆپاریزی بکەن و کەرەنتین بکرێن، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان بڕیاری دا سەرجەم کارەکانی پەرلەمانی کوردستان بۆ ماوەی دوو هەفتە ڕابگیرێت، ئاگاداری تەواوی ئەو ئەندامە بەڕێزانەی پەرلەمان دەکەین کە تا ئێستا پشکنینی کۆرۆنایان نەکردووە لە زووترین کات پشکنینەکە ئەنجام بدەن و ئەنجامەکەی بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان بنێرنەوە. بە هەمان شێوە دیوانی پەرلەمانی کوردستان ڕاسپێردراون بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمە پزیشکییەکان پشکنین بۆ سەرجەم ئەو فەرمانبەرانەی دیکەش بکرێن کە تا ئیستا پشکنینیان بۆ نەکراوە.
لێرەوە جارێکی دیکە داوا لە هەموو لایەک دەکەین، پابەندی تەواوی ڕێنماییە تەندروستییەکان بن و خوای گەورە هەموو هاووڵاتییانی کوردستان و وڵاتەکەمان پارێزراو بکات.
2020/6/10




