٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عەبدولسەلام بەرواری: نێچیرڤان بارزانی ھەوڵیدا ھاوپەیمانیی حزبە کوردستانییەکان دروست بکات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر‌ -‌ KDP.info - ساڵێک بەسەر دەستبەکاربوونی سەرۆکی ھەرێمی کوردستاندا تێدەپەڕێت و شرۆڤەکارێکی سیاسیش پێی وایە، سروشتی نێچیرڤان بارزانی وایە بە دەوڵەتداری مامەڵە لەگەل پرسەکان دەکات و لە یەک ساڵی ڕابردوودا ھەوڵی دا ھاوپەیمانییەک بۆ حزبە کوردستانییەکان دروست بکرێت.

عەبدولسەلام بەرواری، شرۆڤەکاری سیاسی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دەسەڵات و ئەرکەکانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بەپێی یاسای ژمارە ١ی ساڵی ٢٠٠٥ دیاری کراون، کە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان سەرۆکی باڵای دەسەڵاتی جێبەجێکراوە و دەتوانێ سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بکات و نوێنەرایەتیی ھەرێم دەکات لە دەرەوە و بەرپرسە لە پەیوەندیی نێوان ھەرێم و بەغدا، لەگەڵ ئەوەشدا چونکە ئەرکی سەرەکیی باڵاترین دەسەڵاتی ھەرێمی کوردستان دەکەوێتە سەر دەزگای سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان، ئەویش ھەوڵدانێکە بۆ ئەوەی ببێتە چەترێک بۆ ھەموو لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان."

ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە پێی وایە: "لە سەرەتای وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانەوە، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی ھەوڵی دا لەگەڵ لایەنەکان سەرکەوتووانە میکانیزمێک دروست بکات و کۆبوونەوەی لووتکەی حزبەکان بە شێوەی دەوری ئەنجام بدرێت، ھەتا من ئاگادارم سەرۆک نێچیرڤان ھەوڵی دا ھاوپەیمانییەک لە نێوان حزبەکان دروست بکرێت، ئەوەش ڕەنگدانەوەی دەبوو لەسەر فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە بەغدا."

عەبدولسەلام بەرواری دەڵێت: "ئەوەی بووە ھۆی سەرکەوتنی نێچیرڤان بارزانی لە پۆستی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ئەزموونی درێژی بەڕێزیانە لە سەرۆکایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بەھێزیی پەیوەندیی دیپلۆماسیی سەرۆکی ھەرێم لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتییش گەواھیدەری ئەو ڕاستییەن، بە درێژاییی یەک ساڵی ڕابردوو شتی زۆر بچووک ڕووی دەدا و دەیانویست ئاستەنگ بخەنە سەر ڕێگای سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بەڵام سەرەڕای ئەوەش سروشتی نێچیرڤان بارزانیمان بینی بە دەوڵەتداری مامەڵەی دەکرد."

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار