تەندروستیی چۆمان: ڕەوشی تەندروستیی دەڤەری باڵەکایەتی مەترسیدارە

چۆمان - KDP.info - دوای ئەوەی دوێنی وەزارەتی تەندروستی 20 تووشبووی ڤایرۆسی كۆرۆنای لە چەند گەڕەکێکی سنووری قەزای چۆمان و سنووری ناحیەی حاجی ئۆمەران ڕاگەیاند و پێشتریش یەک حاڵەتی کۆڕۆنای تێدا تۆمار کرابوو، ئیدارەی ناوچەکە بە مەبەستی ڕێگری لە تەشەنەکردنی ڤایرۆسەکە بۆ ماوەیەکی کاتی قەزای چۆمان و ناحیەی حاجی ئۆمەرانی کەرەنتین کرد و بە شێوەی ھەمەڕەکیش پشکنین بۆ ھاووڵاتییان دەکرێت.
بەڕێوەبەری تەندروستیی چۆمان دەڵێت: "ڕەوشی تەندروستیی سنوورەکەمان لە بارودۆخێکی باشدا نییە، ھیوادارین خەڵک ھاوکارمان بێت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بارودۆخەکە.''
ئەحمەد قادر، قایمقامی قەزای چۆمان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئەگەر ھاووڵاتییان ھاوکارمان بن و ڕێنماییەکان وەک خۆی جێبەجێ بکەن، دەتوانین لە ماوەیەکی کەمدا ڕەوشی تەندروستیی دەڤەرەکەمان لەژێر کۆنتڕۆڵدا بێت، ئەمڕۆش قەدەغەی گشتیمان ڕاگەیاندووە و ھەموو بازاڕ و دووكانەكانی سەنتەری شارۆچکەی چۆمان داخراون و هاتوچۆ بە هەموو شێوەیەك قەدەغە كراوە".
ئاماژەی بەوەش دا: "ئێستا بۆ ماوەیەکی کاتی ھەموو ھاتوچۆیەک لە ناوچەکە قەدەغە کراوە، تەنھا ئەو ئۆتۆمبێلانەی بارھەڵگرن، ڕێگایان پێ دەدرێت ھاتوچۆ بکەن، ئەوانیش بە ھیچ شێوەیەک نابێ لەناو سەنتەری قەزای چۆمان بوەستن، بەڵکو تەنھا تێپەڕ دەبن.''
ناوبراو دەشڵێت: "ڕۆژانە ژووری ئۆپەڕاسیۆنی قەزاکەمان کۆ دەبێتەوە، بەپێی گۆڕانکاری لە ژمارەی تووشبووان و گومان لێکراوان، بۆ خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆڕۆنا بڕیاری نوێ دەردەکات.''
د. ئەحمەد حەسەن، بەڕێوەبەری تەندروستیی چۆمان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوای وەرگرتنی 41 نموونەی پشکنین لە ھاووڵاتییان، بەداخەوە 21 حاڵەتیان پۆزەتیڤ بوون و دەستبەجێ ڕێکارەکانی خۆپارێزیمان گرتە بەر بۆ ڕێگریکردن لە ڤایرۆسەکە و، بە شێوەیەکی کاتی قەزای چۆمان و ناحیەی حاجی ئۆمەران کەرەنتین کراون.''
گوتیشی: "سێ تیمی تەندروستی سەرقاڵی پشكنین بۆ ئەو كەسانەن کە بەركەوتنیان لەگەڵ توشبووان هەبووە، ئەمڕۆ تیمەکان توانییان 215 پشکنین لە ھاووڵاتییان وەربگرن، سبەی لە شاری ھەولێر دەرئەنجامەکانیان دەردەچن."
ئەوەیشی خستە ڕوو: "چاوەڕێ ناکرێت ھەواڵەکانی سنوورەکەمان دڵخۆشکەر بن، چونکە تووشبووەکان بەرکەوتەی زۆریان لەگەڵ ھاووڵاتییان ھەبووە و، بەھۆی پەیوەندیی کۆمەڵایەتییەوە خەڵکێکی زۆر سەردانی یەکترییان کردووە.''
ناوبراو جەختی لەوەش کردەوە: "ھەموو توشبووەکان ڕەوشی تەندروستییان جێگیرە و ڕەوانەی نەخۆشخانەی ڕزگاری لە شاری ھەولێر کراون.''
بەڕێوەبەری تەندروستیی چۆمان داوا لە ھاونیشتمانیانیش دەکات کە پابەند بن بە ڕێنماییەکانەوە تا ڕەوشەکە ئاسایی بێتەوە، ھەرکەسێکیش نیشانەکانی تێدا دەربکەوێت سەردانی تیمەکان بکات، یان ئاگادارمان بکاتەوە."
سیروان سابیر




