گەڕانەوەی ئاوارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوامە

ڕۆژئاوای کوردستان-KDP.info- ئەندامێکی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا گوتی، پرۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەکانی سنووری قەزای بەردەڕەش دەستی پێ کردووەتەوە و بەرەوام دەگەڕێنەوە کە لەم دوو ڕۆژە ٥٣٧ ئاوارە گەڕاونەتەوە. ئەندامێکی دیکەی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریاش دەڵێ، گەڕی یەکەمی دانوستانەکان کۆتاییی پێ ھاتووە و ئامادەکاری بۆ گەڕی دووەمی دانوستانەکانی نێوان ئەنەکەسە و تەڤدەم دەکرێت.
نەواف حەسەن، ئەندامی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "پرۆسەی گەڕانەوەی کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان دەستی پێ کردووە و ئەوانەی لە کەمپی بەردەڕەشن دەگەڕێنەوە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش بڕیاری داوە لە ڕێگەی وەزارەتی ناوخۆوە ھەموو ئاسانکارییەکیان بۆ بکات تا دەگەنەوە سەر سنووری ڕۆژئاوای کوردستان و لەسەر ئەرکی حکوومەتی ھەرێم دەگەڕێنەوە."
هەر لەو بارەیەوە، خەلیل مەحموود، قایمقامی قەزای بەردەڕەش، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لە ھەردوو کەمپی گەویلان و بەردەڕەش ٥٣٧ ئاوارەی ڕۆژئاوای کوردستان داوایان کردبوو کە بگەڕێنەوە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان لەسەر داواکاریی خۆیان و ڕەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیران ئەو ئاوارانە گەڕاونەتەوە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، کە ٤٢٩ ئاوارەی کەمپی بەردەڕەش و ١٠٨ ئاوارەی کەمپی گەویلان بوون.''
گوتیشی: "ئەوەی داوا بکات ڕەزامەندییان بۆ وەردەگرن و دەگەڕێنەوە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان کە لەسەر خواستی خۆیان دەبێت و کەس بەزۆر ڕەوانە ناکرێت."
ڕوونیشی کردەوە: "ھەر لە سەرەتای ھاتنی ئاوارەکانی ئەم دواییەوە زیاتر لە ٨٠٠ ئاوارەی دیکە ئەوکات گەڕانەوە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان.''
سەبارەت بە دانوستانەکانیش د. کاوە ئازیزی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''دوای ئەوەی تەڤدەم و ئەنەکەسە ڕێککەوتنیان ئەنجام دا لە ڕووی سیاسییەوە بڕیارە قۆناغی دووەمی دانوستانەکان دەست پێ بکات لە دوو بواردا؛ ئەوانیش سەربازی و ئیداری، بۆ ئەوەی ئەنەکەسە لە لە ئیدارە بەشداری بکات و لەشکری ڕۆژیش بگەڕێتەوە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان.''
د. کاوە ئازیزی گوتیشی: "ئێستا لەلایەن ھەردوولاوە ئامادەکاری دەکرێت و ھەرکاتێک ئامادە بوون لە ماوەیەکی نزیکدا دەست بە دانوستانی قۆناغی دووەم دەکەن."
بڵند ئیبراھیم




