سیوەیلی: پەیوەندیی ھەرێم و ئەمەریكا ستراتیژییە.. بڕیارە ١٠ی ئەم مانگە دانوستان بکرێت

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت، ھەرێمی كوردستان بەشێكی گرنگ دەبێت لە بەشداریكردن لە دانوستانەكانی نێوان ئەمەریكا و عێراق و، تیمێكی شارەزاش ھاوكاریی نوێنەری ھەرێم دەكات لە لەدانوستانەكاندا، چونكە ئەو رێككەوتنە جگە لە عێراق، بۆ ھەرێمی كوردستانیش گرنگیی زۆری ھەیە.
هۆشیار سیوەیلی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "بڕیارە لە ١٠ی ئەم مانگە و لەم ھەفتەیەدا دانوستان بۆ ئەنجامدانی رێككەوتنێكی نوێ لە نێوان ئەمەرێكا و عێراق ئەنجام بدرێت كە گرنگیی زۆری ھەیە، چونكە ئەمەریكا لە ھەوڵدایە بە جیددی بكەوێتە گفتوگۆ بۆ ئەوەی بگەنە رێككەوتن، چونكە ھەر لەسەر رێككەوتنی پێشوو مامەڵە دەكەن، بەڵام لەو دۆخەی لە ساڵی ٢٠٠٨ هاتە ئاراوە و كشانەوە، هەروەها عێراقیش تووشی ئەو كێشانە كران و رێككەوتنەكەش وەكو خۆی جێبەجێ نەكرا، بۆیە ئەمەریكا دەوێت رێككەوتنێكی نوێ بكات".
سیوەیلی گوتیشی: "ئەو دۆخەی ئەوكات رێككەوتنی تێدا ئەنجام درا، لەگەڵ دۆخی ئێستا زۆر جیاوازترە، چونكە عێراق لاوازترە لە ڕووی ئابووری و تەندروستی و ئەمنییەوە، بۆیە عێراق پێگەی بەھێزی نەماوە و رەنگە زۆر كاریگەرییان نەبێت لەسەر ئەمەریكا، لەبەر ئەوە رێككەوتنی ئەم جارە جیاواز دەبێت و ئەمەریكا ئەگەر بزانێت ناتوانێ نەیارەكانی لە عێراق دوور بخاتەوە، رەنگە رێككەوتنەكە ئیمزا نەكات و ھێزەكان لە عێراق بكشێنێتەوە، چونكە ھێزەكانی خۆی لە ئەڵمانیا و ئەفغانستان كشاندووەتەوە، بۆیە ئەگەر ئەو كارە لە عێراقیش بكات، ئەوكات عێراق ناتوانێ لەسەر پێی خۆی بوەستێت".
بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی باسی لەوەش كرد: "ئەو رێككەوتنە نەك تەنھا بۆ عێراق، بەڵكو بۆ ھەرێمی كوردستانیش گرنگیی ھەیە، چونكە پەیوەندیی ھەرێم و ئەمەریكا ستراتیژییە و ئەگەر عێراق و ئەمەریكا نەگەنە رێككەوتن، ئەوكات ھەرێمیش زیان دەكات، چونكە ئێمەش پێویستمان بە ئەمەریكا ھەیە و لە شەڕی داعش ھاوكارییەكانی بەردەوام بوون و ئێستا جارێكی دیكە داعش سەری ھەڵداوەتەوە، ھەر بۆیە ھەرێم دەنگی بۆ دەركردنی ھێزی ئەمەریكا لە عێراق نەدا، چونكە ئەمەریكا بۆ ھەرێم گرنگە".
دەشڵێ: "ھەرێمی كوردستان بەشێكی گرنگ دەبێت لە رێككەوتنی ستراتیژیی نێوان ئەمەریكا و عێراق و، فەوزی ھەریری سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی ھەرێمی كوردستان بەشداری لە شاندی دانوستانكاری عێراق دەكات، كە تیمێكی شارەزاش ھاوكاریی دەكەن، بۆ ئەوەی بتوانین جێگەمان لەو رێككەوتنەدا دیار بێت".
بڵند ئیبراھیم




