زیاتر لە 154 تۆن پێداویستیی پزیشکی لە دەروازەی سێمالکاوە گەیەندراونەتە رۆژئاوای کوردستان

ھەولێر-KDP.info- دەروازەی سنووریی سێمالکا بە خاڵی سەرەکیی پەڕینەوەی هاووڵاتیان و گواستنەوەی کەلوپەل دادەنرێت لە نێوان هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان، هەر لە رێگای ئەو دەروازەیەوە رێکخراوە مرۆییەکان یارمەتی و پێداویستیی مرۆیی بە رۆژئاوا دەگەیەنن بەتایبەتی دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەڵام داخستنی ئەم دەروازەی بۆ ماوەیەک ئاستەنگی زۆری لەم رووەوە دروست کرد.
د. دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە وەڵامی چەند رێکخراوێکی نێودەوڵەتی لەمبارەوە رای گەیاندووە: "رۆژانە ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیان لەڕێگەی دەروازەی سێمالکاوە هاتوچۆی رۆژئاوای کوردستان دەکەن، هەروەها رێکخراوە مرۆییەکانیش لەم رێگایەوە کەلوپەل و هاوکارییەکانیان دەگوازنەوە. لەمەبارەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاسانکاری دەکات، بەڵام لە دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە رێکەوتی 1/3/2020 لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی خوسەرەوە ئەم دەروازەیە لەگەڵ هەرێمی کوردستان داخرا و ئەمەش تا راددەیەک ئاستەنگیی دروست کرد بەتایبەتی بۆ گەیاندنی کەلوپەلی پزیشکی بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا".
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئەوەشی روون کردەوە: "داخستنی دەروازەکە ئاستەنگی بۆ رێکخراوەکان دروست کرد بۆ ئەنجامدانی کاری مرۆیی، داوایان کرد کە ئەم دەروازەیە بکرێتەوە، بۆیە بە میکانیزمێکی گونجاو لە نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێم و بەڕێوەبەرایەتیی خوسەر بڕیار درا کە هەفتانە رۆژانی سێشەممە دەروازەکە بکرێتەوە بۆ ناردنی پێداویستیی مرۆیی و خۆراک بەتایبەتی کەلوپەلی تایبەت بە خۆپاراستن و ئەنجامدانی پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا".
زێباری ئاماژەی بەو رێکخراوانە کرد کە لە ماوەی رابردوودا هاریکاریی پزیشکییان گەیاندووەتە رۆژئاوای کوردستان و گوتی: "ژمارەیەک رێکخراوی مرۆیی نێودەوڵەتی بە هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی هەرێم هاوکارییەکانیان گەیاندووەتە رۆژئاوای کوردستان کە بریتی بووە لە کەلوپەلی تاقیگە و پشکنینی کۆرۆنا، داو و دەرمان و کەلوپەلی پزیشکی فریاکەوتنی خێرا، کەرەستەی تیشکی سەروو دەنگ، یارمەتی بۆ بەساڵاچووان و کەم ئەندامان و کەرەستەی پاککردنەوە بەم شێوەیە: رێکخراوی (MSF - Holland) نزیکەی لە (50) تون داو و دەرمان، رێکخراوی پزیشکانی بێ سنووری هۆڵەندی نزیکەی (٤٨) تون، رێکخراوی (MSF - Switzerland) (١) تون، رێکخراوی (UPP Italian Organization) زیاتر لە (٥) تون، رێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی (IRC Organization) زیاتر لە (9) تون، رێکخراوی (Barkopharma Company) زیاتر لە (١١) تون، کۆمپانیای وۆرلد واید زیاتر لە (١٢) تون، رێکخراوی مینتۆری بەریتانی (357) کیلۆ گرام و (٥٠) ترۆمپا، رێکخراوی بەحر نزیکەی (٣) تون ، رێکخراوی (MDM) زیاتر لە (٢) تون، کۆمپانیای (American Power Gate) نزیکەی یەک تون، کۆی گشتی ئەو هاوکارییانە نزیکەی (154) تون کەلوپەل و کەرەستەی پزیشکی بووە".
سەبارەت بە ئاسانکارییەکان بۆ دابینکردنی کەلوپەلی پزیشکی لە هەرێمی کوردستان و گەیاندنی بە رۆژئاوای کوردستان لەلایەن رێکخراوەکانەوە، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان گوتی: "ئێستا قەیرانی دەستکەوتنی کەلوپەل و کەرەستەی پزیشکی تایبەت بە کۆرۆنا لە سەرتاسەری جیهان بە هەرێمی کوردستانیشەوە هەیە و رێنمایی تایبەتیش دەرچووە بۆ ئەم مەبەستە، بەڵام حکوومەتی هەرێمی کوردستان رێگری لە هیچ رێکخراوێک نەکردووە بۆ دابینکردنیان، بەڵکوو ئاسانکاریی زۆریشیان بۆ کردوون، هەروەها باج و رسووماتیش لە رێکخراوەکان وەرناگیرێت لە بەرامبەر گەیاندنی ئەم کەلوپەلانە بە رۆژئاوای کوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی و ناوخۆی حکوومەتی هەرێم و ئەو رێنماییە تایبەتانەی لەلایەن لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان دەرچوون".




