د. عەبدولحەكیم: وەرگرتنەوەی قەرزەكان لە قۆناغی دەستبەسەرداگرتنی موڵكی قەرزدارانە

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی فەرمانگەی ھەماھەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجومەنی وەزیران گوتی، رێكاری یاسایی بەرامبەر وەرگرتنەوەی قەرز لە بازرگانان دەستی پێكردووە و، لە ئێستادا لە قۆناغی دەستبەسەرداگرتنی موڵك و ماڵی قەرزدارەكانن، بۆ ئەوەی بیانفرۆشن و پارەكە بخەنە سەر حیسابی وەزارەتی دارایی.
د. عەبدولحەكیم خەسرۆ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "بڕیاری لیژنەی باڵای چاكسازی ھەیە، كە پشت بە پەیڕەوی یاسای چاكسازی دەبەستێت، كە یەكێك لە بڕیارەكانی چاكسازی وەرگرتنەوەی قەرزەكانە، كە لە ١٣/٥ی ئەمساڵ وەزارەتی دارایی و ئابووری داوای لە بانكە بازرگانییەكان كردووە دەست بە رێكاری یاسایی بكەن بە ھەماھەنگی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی یاسایی لە وەزارەتی دارایی و لە ھەمان كاتدا وەزارەتی دارایی لیژنەیەكی بەدواداچوونی بۆ وەرگرتنەوەی قەرز و بە ئەندامیەتیی فەرمانگەی ھەماھەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجومەنی وەزیران و داواكاری گشتی و بانكە بازرگانییەكان پێكهێناوە و داوایان كردووە كە دەست بەسەر موڵكە رەھنكراوەكاندا بگیرێت، بۆ ئەوەی ئەو موڵكانە بفرۆشن".
خەسرۆ گوتیشی: "وەرگرتنەوەی قەرزەكان ھەموو قۆناغەكانی بڕیوە، بۆیە رێكارە یاساییەكان دەستیان پێكراوە كە كۆمەڵێك ئیجرائات لە خۆ دەگرێت، كە بە ھەنگاو دەبێت و حكوومەت بۆ ئەو كارە پێویستی بە كاتێكی دیاریكراو ھەیە دەست بەسەركردنی موڵك و ماڵەكان و فرۆشتنیان و بوونی كڕیار و دواتریش ئەو پارەیە چۆن رادەستی وەزارەتی دارایی دەكرێت، چونكە تا ئێستا كەس قەرزەكەی نەگەڕاندۆتەوە، بۆیە ھیچ كەس لە گەڕاندنەوەی قەرز بەدەر نابێت".
حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، ٨٥٠ ملیار دینار قەرزی لەسەر ٤٠ بازرگان ھەیە، كە تاوەكو ئێستا ئەو قەرزەیان نەگەڕاندووەتەوە.
بڵند ئیبراھیم




