حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بەشێكی گەنمی جووتیاران وەردەگرێت

ھەولێر-KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، دوای ئەوەی حكوومەتی عێراق بڕیاری دا كە تەنھا بەشێكی گەنمی جووتیارانی ھەرێم وەرگرێت، حكوومەتی ھەرێمی كوردستانیش بەنیازە بەشێكی گەنم وەربگرێت و بۆ ئارد بەكاری بێنێت.
حوسێن حەمەكەریم، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "سایلۆیەكان ھەموو ئامادەكارییەكیان كردووە بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران و تەنھا چاوەڕێی بڕیاری بەغدا دەكەین، بۆ ئەوەی دەست بە وەرگرتنی گەنم بكەین و تاوەكو ناوەڕاستی ئەم ھەفتەیەش دەست بە وەرگرتنی گەنم دەكرێت، چونكە رێكارەكان ھەمووی تەواو بوون".
حەمەكەریم گوتیشی: "حكوومەتی عێراق بڕیاری داوە تەنھا بەشێكی گەنمی جووتیاران وەرگرێت و بەرھەمی جووتیارانیش زۆر لەوە زیاترە، بۆیە حكوومەتی ھەرێمیش بڕیاری داوە بەشێكی گەنمی جووتیاران وەرگرێت و لە ئاشەكانی ھەرێمی كوردستان بۆ ئارد بەكاری بێنێت، بەڵام تاوەكو ئێستا دیار نییە كە چەند ھەزار تەن وەردەگرێت".
حكوومەتی عێراق بڕیاری داوە ئەمساڵ تەنھا ٣٩٠ھەزار تەن گەنمی جووتیارانی ھەرێمی كوردستان وەربگرێت، بەپێی پێشبینیی وەزارەتی كشتوكاڵیش، بەرھەمی گەنمی جووتیاران زۆر لەوە زیاترە و ئەگەر حكوومەت لێیان وەرنەگرێت، لە بازاڕ دەیفرۆشن.
بڵند ئیبراھیم




