٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزیری تەندروستیی عێراق: پشكی هەرێمی كوردستان بێ كەمكردنەوە ڕەوانە دەكەین

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- سەرۆكی لیژنەی تەندروستی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند: "لەگەڵ وەزیری تەندروستیی عێراق كۆبووینەوە و بەڵێنی دا پشكی هەرێمی كوردستان لە دەرمان و بودجە و ئەو یارمەتییە تەندروستییانەی كە بۆ عێراق دێن، ڕەوانەی دەكەن بێ كەمكردنەوە، كە 17 لە سەد دەبێت".

د. فارس بریفكانی، بە‌ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "دوای ئەوەی لە هەفتەی ڕابردوودا لەگەڵ وەزیری تەندروستیی حكوومەتی هەرێم (د. سامان بەرزنجی) كۆبووینەوە، وەكو فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەران، دوێنێ لەگەڵ وەزیری تەندروستیی عێراق دكتۆر حەسەن تەمیمی و هەردوو جێگرەكەیشی كۆبوونەوەیەكی فراوانمان بۆ ماوەی نزیكەی 3 سەعات ئەنجام دا و تەواوی ئەو بابەتانەی كە پەیوەندییان بە نێوان هەرێم و بەغدا هەبوو لە رووی تەندروستییەوە، گفتوگۆ وباسمان لەبارەیانەوە كرد، بە تایبەتیش تا چەند توانراوە لە هەرێم و بەغدا كۆنتڕۆڵی ڤایرۆسی كۆرۆنا بكرێ و ئەگەری بەرزبوونەوەی رێژەكە و، هەروەها ئەو هاوكارییە نێودەوڵەتییانەی كە بۆ عێراق دێت لەبارەی كۆرۆنا و، تەرخانكردنی بڕێك پارە لەلایەن حكوومەتی ناوەندی بۆ رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا، كە تا چەند گەیشتووە و پشكی هەرێمیان تا چەند ڕەوانە كردووە."

‌بریفكانی، ڕوونیشی كردەوە: "كێشەی كارمەندانی تەندروستیی مووسڵیش، كە ژمارەیان زیاتر لە هەزار كارمەند و پزیشكە لە ناوچەكە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم كار دەكەن و بڕیاری گەڕانەوەیان درابوو بۆ مووسڵ، گەیاندمان بە وەزیری تەندروستی كە نابێت بگەڕێنەوە، چونكە هێشتا ئاوارەیەكی زۆر ماون و ئەو كارمەندانەش خزمەت دەكەن."

فارس بریفكانی، كە سەرۆكی لیژنەی تەندروستییە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕاشیگەیاند: "لە ناردنی دەرمان و پێداویستیی پزیشكیش بە وەزیری تەندروستیمان گوت، كە نابێت پشكی 17 لە سەدی هەرێم كەم بكرێتەوە، بۆیە كۆبوونەوەكە ئەنجامێكی زۆر باشی هەبوو و لێكنزیكبوونەوەی باشیش هەبوو، كە وەزیری تەندروستیی عێراق بەڵێنی بە ئێمە دا داواكارییەكان جێبەجێ بكات و پشكی هەرێمی كوردستان لە دەرمان و بودجە و یارمەتییە تەندروستییەكان كە بۆ عێراق دێت، ڕەوانەی بكات بێ كەمكردنەوە هەر كاتێك بگاتە وەزارەت، لە داهاتووشدا بەدواداچوون بۆ ئەو بەڵێنانە دەكەین."

 

نەشوان بەرزنجی

 

هەواڵی پەیوەندیدار