٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د. محەمەد خورشید: فشارێکی زۆر لەسەر کوردانی سنووری دەوروبەری کەرکووک ھەیە "ھیوادارین ئەو ھێزەی ھاتووەتە کەرکووک بۆ مەرامی دیکە نەبێت"

سەرچاوە: KDP.info

کەرکووک – KDP.info -  ڕەوشی کەرکووک بەھۆی دەسەڵاتی بەزۆر سەپێندراوەوە تا دێت ئاڵۆزی زیاتر بە خۆیەوە دەبینێت و بەرپرسێکی پارتیش دەڵێ، فشارێکی زۆر لەسەر کوردانی دەوروبەری کەرکووک ھەیە و تەعریب و داعش تەنگی پێ ھەڵچنیون.

د. محەمەد خورشید، بەرپرسی لقی سێی پارتی لە کەرکووک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''جووڵەی داعش زۆر زیادی کردووە و ڕۆژانە کردەوەی تیرۆرستی ئەنجام دەدەن، بەداخەوە ھێزە عێراقییەکانیش دەستەوەستانن لە بەرامبەر ھێرش و کردەوەکانی تیرۆریستانی داعشدا. چەند ھێزێکی عێراقی ھاتوونەتە سنووری پارێزگای کەرکووک، بەشێکیان لە سنووری قەزای داقووق و ئەوانی دیکەش لە دوبز و  پردێ جێگیر دەکرێن، گوایە ڕێگری لە کردەوە تیرۆریستییەکانی داعش دەکەن، ھیوادارین مەرامی دیکە لەپشت ھێنانی ھێز بۆ کەرکووک نەبێت."

بەرپرسی لقی سێی پارتی گوتی: "ھاتنی عەرەبی ھاوردە بۆ کەرکووک لە ڕێگەی قایمقامی ناوەندی کەرکووک و پارێزگاری بەزۆر سەپێندراوی کەرکووکەوە بەردەوامە و پیلانی تەعریب جێبەجێ دەکەن."

د. محەمەد خورشید گوتیشی: ''پێشتر ئەنجومەنی پارێزگا ھەبوو ئێستا ئەو چاودێرییەی پێشتریش نەماوە، لەبەر ئەوەش، بە بەردەوامی عەرەب ھاوردەی کەرکووک دەکرێت، بەداخەوە ئێستا ئەو سنوورانەی دەبنە ھێڵی تەماسی  نێوان کورد و عەرەب فشارێکی زۆر لەسەر ھاووڵاتییانی کورد ھەیە، بەتایبەتی لە ناوچەکانی دوبز و داقووق و ناوچەکانی نێوان تۆپزاوە و یایچی فشارێکی ئێکجار زۆر لەسەر کورد ھەیە و ھەتا داعش جیاوازی دەکات لە نێوان سووتاندنی دەغڵودانی جووتیاران و دەغڵودانی کورد زیاتر دەسووتێندرێت."

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار