٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەڕێوەبەری ئاوی ھەولێر: ئاو بۆ کەرتی ٨ی حەسارۆک دابین دەکەین

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info-  بڕیارە لە ڕێگەی ڕاکێشانی ھێڵی ئیفراز ئاو بۆ کەرتی ٨ی حەسارۆک دابین بکرێت کە ژمارەی زەوییەکانی زیاتر لە ١٦ ھەزار پارچە زەوییە و زیاتر لە ١٠ ساڵە بەسەر فەرمانبەراندا دابەش کراوە، بەڕێوەبەری ئاوی ھەولێریش دەڵێ، دەست بە ڕاکێشانی پڕۆژەی ئاوی ئیفراز چوار دەکەین.

ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاوی ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەیەوێ کێشەی کەمئاوی لە ناوچەکانی ڕۆژھەڵاتی ھەولێر چارەسەر بکات و بۆ ئەو مەبەستەش بڕیارە پڕۆژەی ئیفرازی چوار بخرێنە واری جێبەجێکردن و لە ڕێگەی ئەو پڕۆژەیەوە ئاو بۆ کەرتی ھەشتی حەسارۆک دابین دەکرێت."

بەڕێوەبەری ئاوی ھەولێر دەڵێت: "پڕۆژەی ئاوی ئیفراز چوار دیزاینەکەی  تەواو بووە و بڕیارە بە گوژمەی ٧٣٠ ملیۆن دۆلار جێبەجێ بکرێت، بە گەیاندنی ھێڵی چواری ئیفراز بۆ ھەولێر کێشەی ئاو لە زۆرێک لە ناوچەکانی وەک بنەسڵاوە و کەسنەزان و بەحرکە و چەند گەڕەکێکی نێو سەنتەری شاری ھەولێر چارەسەر دەبێت."

ئاری ئەحمەد ڕوونی کردەوە: "چاوەڕێی دابینکردنی پارەی تێچووی پڕۆژەکەین و یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی ئاو لە ھەرێمی کوردستان، چونکە لە ڕێگەی ھێڵی چواری ئیفراز ئاوێکی زۆر دەگەیەندرێتە سەنتەری شاری ھەولێر و ئەو ناوچانەی ئێستا لە ھەولێر نزیکن."

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار