بریکاری وەزارەتی بازرگانی: مەسروور بارزانی بەردەوام لە خەمی دابینکردنی خۆراکە بۆ ھاووڵاتییان

ههولێر-KDP.info- دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و توندکردنی سنوورەکان لە جیھان کاریگەری کردە سەر بزاوتی بازرگانی، بەڵام وەک بریکاری وەزارەتی بازرگانیی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، ڕەوشی بازرگانی ئاسایی بووەتەوە و قەبارەی ھاوردەکردن بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
سەروەر ھاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئێستا ھەموو کارئاسانییەک بۆ بازرگانان و کۆمپانیاکان دەکرێت و دەروازە فەرمییەکانی ھەرێمی کوردستان بە ڕووی ئاڵوگۆڕی بازرگانیدا کراوەن، بزاوتی بازرگانی لە ھەرێمی کوردستان ئاسایی بووەتەوە و قەبارەی ھاوردەکردن بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، ئەوەش وای کردووە ئەو نیگەرانییەی پێشتر بەھۆی بڵابوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە دەربارەی جووڵەی بارزگانی ھەبوو، نەمێنێت.''
پەیوەست بە ڕەوشی خۆراک، بریکاری وەزارەتی بازرگانی گوتی: "بۆردی خۆراک لە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران ھەیە و بەردەوام کار لەسەر پرسی دابینکردنی خۆراک بۆ ھاووڵاتیان دەکرێت و دابەشکردنی ئەو خۆراکەی لە لایەن حکوومەتەوە دابین کراوە دەستی پێ کردووە."
سەروەر ھاواری ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان بەردەوام لەسەر خەتە و لە خەمی دابینکردنی خۆراکە بۆ ھاووڵاتییان، لە دوو مانگی ڕابردوودا ھەمیشە سەرۆکوەزیران خۆی چاودێریی ڕەوشەکەی دەکرد و جەختی لەسەر دابینکردنی خۆراک بۆ ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان دەکردەوە."
قائید میرۆ




