قایمقامی شنگال: نەتەوە یەكگرتووەكان بەڵگە لەسەر تاوانەكانی داعش دژی كوردانی ئێزدی كۆ دەكەنەوە

شنگال-KDP.info- قایمقامی شنگال ڕایدەگەیەنێت، تیمێكی نەتەوە یەكگرتووەكان دەستیان بە كۆكردنەوەی بەڵگە لەسەر تاوانەكانی داعش دژی كوردانی ئێزدی كردووە و بەڵگەیەكی زۆریشیان كۆ كردووەتەوە، كە دوو ملیۆن پەیوەندییان لەگەڵ شایەتحاڵەكان و قوربانیان ئەنجام داوە. دەشڵێ: "داوا دەكەین ئەوانەی دەستیان لەو كارەدا هەبووە، سزا بدرێن".
مەحما خەلیل، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "نەتەوە یەكگرتووەكان دەستیان بە كۆكردنەوەی بەڵگەی پێویست كردووە لەبارەی جینۆسایدی كوردانی ئێزدی و دەیانەوێت لێكۆڵینەوە بكەن و بەڵگەی زۆریشیان كۆ كردووەتەوە، بە تایبەت ئەو كەسانەی كە دەستیان لە تاوان و كوشتنی كوردانی ئێزدیدا هەبووە، بۆیە بەڵگەی زۆر پێویستیان بەردەست كەوتووە و ئێمەش وەكو ئیدارە هەموو بەڵگەكانمان كۆ كردووەتەوە و داوامانە بە نەتەوە یەكگرتووەكان، بۆ ئەوەی كاری خۆیان ئەنجام بدەن".
خەلیل گوتیشی: "ئەوانەی كۆمەڵكوژییان لە شنگال ئەنجام دا، ئێستا لە عێراق بە ئاسایی دەژین و ژمارەیەكیان حەشدی شەعبین و بەشێكیشیان مەدەنین، هەروەها بەشێكی دیكەشیان لە سوپای عێراقدان، بۆیە پێویستە ئەوانە دادگای بكرێن، چونكە مەترسی هەیە ئەو كارەساتە دووبارە بكەنەوە، لەبەر ئەوەی ئەو كەسانە تا ئێستا پەیوەندییان لەگەڵ داعش هەیە و هاوكاریی ئابوورییان دەكەن".
قایمقامی شارۆچكەی شنگال باسی لەوەش كرد: "تیمی نەتەوە یەكگرتووەكان بە تەلەفون قسەیان لەگەڵ دوو ملیۆن كەس لە عێراق كردووە وەكو شایەتحاڵ بۆ تاوانەكانی داعش لە عێراق، ئەمەش ژمارەیەكی كەم نییە و پێویستە حكوومەتی عێراقیش چیتر كەمتەرخەمی نەكات و ئەو كەسانە بە سزای خۆیان بگەیەنێت".
بڵند ئیبراهیم




