٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

راگەیاندنی پارتی (28)ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی تەلەڤزیۆنی دهۆك پیرۆز دەكات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە بۆنەی (28)ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی تەلەڤزیۆنی دهۆكەوە، پەیامێكی پیرۆزبایی ئاڕاستەی بەڕێوەبەر و ھەڤاڵانی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن و كادیر و كارمەندانی تەلەڤزیۆنی دهۆك كرد.

ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامەكەیە:

بەڕێزان/ بەڕێوەبەر و ھەڤاڵانی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن و كادیر و كارمەندانی تەلەڤزیۆنی دهۆك..

ئەمڕۆ (28)ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی كەناڵی (دهۆك تیڤی) دەكەینەوە، كە یەكەمین كەناڵی ناوخۆیی كوردستانیی بوو لەو دەڤەرە ئازیزەدا و بە رێنوێنی و بڕیاری سەرۆك بارزانی لە (3/5/1992) دامەزرا و دەستی بە پەخش كرد، ئەو هەنگاوەش دەسكەوتێكی دیكەی گرنگی پارتیمان بوو لە بواری میدیادا بۆ خزمەتگەیاندن بە بواری راگەیاندن و رۆشنبیری و كولتووری كوردی.

تەلەڤزیۆنی دهۆك كە سەرەتای كاركردنی بە ناوی (تەلەڤزیۆنی خەبات) بوو لەسەر دەستی ژمارەیەك كادیری شارەزا و هونەركار و راگەیاندنكارێك، خۆبەخشانە بەڕێوە چوو و، سەرەڕای ئەو گیروگرفت و ئاستەنگانەی بەردەمی، توانی دڵسۆزانە بە بەرنامەی هەمەرەنگ و بەسوود شانبەشانی كەناڵەكانی دیكەی میدیایی پارتیمان هەنگاو بە هەنگاو پەرە بە خۆی بدات و لە تەلەڤزیۆنێكی لۆكاڵییەوە ببێتە كەناڵێكی سەرتاسەریی كوردستان.

تەلەڤزیۆنی دهۆك  لەو كاروانەی كاركردنیدا خاوەن پەیامێكی راست و دروست و روون بووە، بۆیە هەردەم لە رێی بەرنامە و پرۆگرامەكانیەوە رۆڵی شیاوی خۆی گێڕاوە بۆ خزمەتكردنی گشت چین و توێژەكانی كۆمەڵگە و لە پرسە سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتییەكان و، پرسی توێژی گەنجان و ئافرەتان و زارۆكان و، داكۆكیكردن لە دۆزە رەواكەمان و پێشكەوتنی كۆمەڵگە و زمان و ئەدەبیاتی رەسەنی كوردایەتی، شوێنپەنجەی دیار و بەرچاوە.

بەو بۆنەیەوە گەرمترین پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی ئێوەی بەڕێز و بینەرانی كەناڵەكەتان دەكەین و، لەو هەلومەرجە نەخوازراوەی قەیرانی پەتای كۆرۆنا، هیوای سەلامەتی و تەندروستی بۆ هەموو لایەك دەخوازین.

لەم یادەدا جارێكی دیكە پاڵپشتی و پشتیوانیی تەواوی خۆمان بۆ تەلەڤزیۆنی دهۆك دووپات دەكەینەوە و بەهیواین ساڵی داهاتوو، ساڵی پێشكەوتن و سەركەوتنی زیاتر بێت لە كار و ئەركی پیرۆزتاندا..

 

دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان

٣ـی ٥ـی ٢٠٢٠

 

هەواڵی پەیوەندیدار