٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزارەتی دارایی: زیاتر لە 5 ھەزار مامۆستای گرێبەست دادەمەزرێندرێن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕایدەگەیەنێت، لە سكرتارییەتی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە نووسراوی فەرمییان بەدەست گەیشتووە بۆ بەهەمیشەییكردنی مامۆستایانی گرێبەست، لە ئێستاشدا بە واژۆی وەزیری دارایی نووسراویان بۆ وەزارەتی پەروەردە ناردووە، بۆ ئەوەی مۆمۆستایانی گرێبەست بەڵگەنامەكانیان بۆ بنێرن..

ئەحمەد عەبدولڕەحمان، لە پرێسكۆنفڕانسێكدا دەربارەی بەهەمیشەییكردنی مامۆستایانی گرێبەست، ڕایگەیاند: "بەپێی یاسای ژمارە 24ـی هەمواركراوی ساڵی 1960 دوایین نووسراو، نووسراوی سكرتارییەتی ئەنجوومەنی وەزیران بوو كە لە 16ـی 2ـی2020 گەیشتە وەزارەتی دارایی و بڕیاری دامەزراندنی مامۆستایانی گرێبەست درا، هەر ئەمڕۆش سكرتارییەتی ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕاسپاردووە تا داوای بەڵگەنامە یاساییە پێویستەكان لە مامۆستایانی گرێبەست بكەن، وەك وەزارەتی داراییش هەر ئەمڕۆ نووسراومان كردووە بە واژۆی وەزیری دارایی و ئابووری بۆ وەزارەتی پەروەردە بۆ ئەوەی ئەو بەڵگەنامانەی كە پێویستن بۆ دامەزراندنی مامۆستایانی گرێبەست، بۆمانی بنێرن."

عەبدەلڕەحمان دەشڵێت: "وەزارەتی دارایی و ئابووری چاوەڕێی ناردنی بەڵگەنامەكانی مامۆستایانی گرێبەستە و هەر كاتێك بگاتە دەستمان، بە زووترین كات بڕیاری دامەزراندنی مامۆستایان جێبەجێ دەكەین، ئەم پڕۆسەیەش كۆمەڵێك قۆناغە و لە ئێستادا لە قۆناغی كۆتاییدایە و تەنیا چاوەڕِێی ئەوەین كە بەڵگەنامە پێویستەكان لە وەزارەتی پەروەردە بگات، ئەو كاتیش پڕۆسەكە دەچێتە واری جێبەجێكردنەوە و مامۆستایانی گرێبەست دەكرێنە هەمیشەیی."

گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری گوتیشی: "زیاتر لە پێنج هەزار مامۆستا گرێبەستن و لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە زیاتر لە 5 بۆ 6ساڵ دەبێت كار لەسەر بەهەمیشەییكردنی ئەو مامۆستایانە دەكرێت و دوای گەیشتنی دۆكیومێنتەكانی ئەو مامۆستایانە بۆ وەزارەتی دارایی و بڕوانامەكانیان، بڕیار دەدرێت و سەبارەت بەوەش كە ئایا ساڵانی خزمەتیان بۆ هەژمار دەكرێت یان نا، دواتر بڕیاری لەسەر دەدرێت."

گوتەبێژی وەزارەتی دارایی زیاتر گوتی: "وەزارەتی دارایی پابەندە بە پێدانی مووچەی تەواوی فەرمانبەران هەر 30 ڕۆژ جارێك."

 

فایزە كۆیی

هەواڵی پەیوەندیدار