بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەروەی پارتی لە ئاهەنگی ڕوژی دیپلۆماسییەتی کونسووڵخانەی ڕووسیادا بەشداریی کرد

هەولێر - KDP.info - بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەروەی پارتی دیموکراتی کوردستان بەشداریی لە ئاهەنگی یادکردنەوەی رۆژی دیپلۆماسیەت کرد، کە لەلایەن کۆنسووڵخانەی گشتیی رووسیای فیدراڵەوە لە هەولێر، پایتەختی هەرێمی کوردستان، رێک خرابوو.
لە سەرەتای ئەو رێوڕەسمەکەدا کونسووڵی گشتیی رووسیای فیدراڵ، بەڕێز ئۆلێگ ڤلادیمیرۆڤیچ، بەخێرهاتنێکی گەرمی میوانەکانی کرد و کورتەیەکی لەسەر کار و چالاکییەکانی کونسووڵخانەی رووسیای فیدراڵ لە هەرێمی کوردستان حستە ڕوو. بەڕێز ڤلادیمیرۆڤیچ باسی پەیوەندیی بەهێز و مێژووییی نێوان رووسیای فیدراڵ و هەرێمی کوردستان و عێراقی کرد. لە درێژەی وتەکانیدا بەڕێز کۆنسووڵی گشتی ئاماژەی بە پەیوەندیی بازرگانی و ئابووریی نێوان هەرێمی و وڵاتەکەی دا، کە لە نێویاندا چەند گەورەکومپانیای رووسی، وەکو گازپرۆم و رۆسنەفت هەن، کە کاری وزە لە هەرێمی کوردستان دەکەن .
لە کۆتاییی بۆنەکەدا، بەڕێز ڤلادیمیرۆڤیچ، کونسووڵی گشتی، پەرتوکێکی نوێی دەربارەی مێژووی گەلی کورد بە ناوی "ئەفسانەکانی رۆژهەڵات" خستە ڕوو کە لەلایەن کۆمپانیای گازپرۆمەوە نووسراوە و ئامادە کراوە. لە میانەی ئەو بۆنەیەدا بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە چاوی کەوت بە بەشێک لە نوێنەر و کونسووڵی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان و باسیان لە گرفت و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە کرد، کە بوونەتە جێگای نیگەرانی و مەترسی لەسەر داهاتووی عێراق و ناوچەکە بەگشتی.




