شێخ محێدین: ٣١ ھەزار كەسی پاشماوەی داعش لە زوممار جێگیر دەكرێن

مووسڵ-KDP.info- بڕیارە كەمپێكی گەورە بۆ پاشماوەكانی داعش لە سنووری ناحیەی زوممار دروست بكرێت و بەرپرسێكی كوردیش ھۆشداری دەدات لەوەی، جێگیركردنی داعشەكان لە ناوچە كوردستانییەكان كاریگەری لەسەر رەوشی ئەمنی دەبێت.
شێخ محێدین مزووری، كارگێڕی لقی پارتی لە مووسڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، بڕیارە كەمپێكی گەورە لە گوندی عەمەلی سەر بە ناحیەی زوممار دروست بكرێت و ٣١ ھەزار كەسی پاشماوەی داعش لە سووریاوە بگوازرێنەوە نێو كەمپەكە، گوندی عەمەل یەكێك لە گوندە گەورەكانی نزیك سەنتەری ناحیەی زوممار و ھێنانی ئەو ھەموو تیرۆریستەش بۆ زوممار، كاریگەرییەكی خراپی لەسەر رەوشی ئەمنی و ناوچە كوردستانییەكانی ئەو سنوورە دەبێت.
بەرپرسەكەی پارتی لە مووسڵ گوتی، ھێنانی ٣١ ھەزار كەس كە ھەموو ھاوسەر و منداڵ و كەسوكاری داعشی توندڕۆن، وادەكات لە چەند هەفتەی دابێت رەوشی ئەمنی لە دەوروبەری مووسڵ و ناوچەی زوممار ئاڵۆزی بە خۆیەوە ببینێ، بە تایبەتی ئەو ناوچەیە ھاوسنوورە لەگەڵ سووریا و كۆنتڕۆڵكردنیشی زۆر ئەستەمە.
مزووری جەختیشی كردەوە: "ھێشتا پاشماوەكانی گرووپی تیرۆریستیی داعش لەنێو مووسڵ و دەوروبەریدا ھەن و جووڵەشیان بەھێزە، رۆژانە چەندین كەس بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیر دەكرێن و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت، ئەوەش دەریدەخات ھێشتا داعش لە مووسڵ بەھێزە و دەتوانێت كردەوەی تیرۆریستی ئەنجام بدات، ئێمە نایشارینەوە لە ھەندێ ناوچەی دەوروبەری مووسڵ چەكدارانی داعش بە ئاشكرا كەوتوونەتە جووڵە و بە ھۆی نەبوونی ھەماھەنگیی نێوان لایەنە پەیوەندارەكانیشەوە، تا دێت بەھێزتر دەبن".
قائید میرۆ




