٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێم: پێشوازی لە ڕاسپاردەکانی یۆنامی دەکەین

سەرچاوە: KDP.info


هەولێر - KDP.info - ڕۆژی ٢٨ی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٠ نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یارمەتیدانی عێراق (یۆنامی) دواین ڕاپۆرتی خۆی سەبارەت بە دادگاییکردن بەپێی یاسای نەهێشتنی تیرۆر بڵاو کردەوە و تێیدا چەند تێبینی و سەرنجێک خراوە تەڕوو، دەربارەی سزای لەسێدارەدان لە عێراق کە تا ئێستا جێبەجێ دەکرێت.

لەم بارەیەوە، د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێم ڕایگەیاند: ''پێشوازی لەو ڕاپۆرتەی یۆنامی دەکەین کە ئاماژە بە هەوڵەکانیان دەکەن لە چاودێریکردنی دادگاییکردنی دادپەروەرانە، هەروەها ئەو ڕاسپاردانەی کە پێشکەش کراوە بۆ مەبەستی دادگاییکردنی خێرای تاوانبارانی داعش و پاراستنی بنەما سەرەکییەکانی مافی مرۆڤ لە میانەی پرۆسەی داداگاییکردنەکەدا. لە ڕاپۆرتی یۆنامیدا ئاماژە بە هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کراوە سەبارەت بە ڕەوشی دادگاییکردنی تاوانباران لە هەرێمدا و هەروەها ئەو یاسایانەی کە لە هەرێم پیادە دەکرێن لەم ڕووەوە. لە بڵاوکراوەکەی خۆشیاندا ڕاپۆرتە وەڵامی نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێم بڵاو کراوەتەوە کە تێیدا باس لە پرۆسەی دەستبەسەرکردن و دادگاییکردنی تیرۆریستان لە ڕووی یاساییەوە و ڕاگرتنی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان کردووە. هەروەها یۆنامی ئاماژە بەو بارودۆخە کردووە کە لەدوای ساڵی 2003 ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان بۆتەوە، بەتایبەتی هێرشە کردەوە تیرۆریستییەکان کە لەگەڵ هێرشەکانی داعش گەیشتنە لووتکە.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێم هەروەها گوتی: لە دوای ساڵی 2003 و ئەو ئارامییەی کە کوردستان بەخۆیەوە بینی تێکدانی ئەمن و ئاسایشی هەرێمی کوردستان و ئەنجامدانی کردەوە تیرۆریستییەکان یەکێک بوو لە ئامانجە سەرەکییەکانی تیرۆریستان و لەو پێناوەدا هەموو هەوڵێکیان دا، لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێم بۆ ڕێگەگرتن لە کردەوەی تیرۆریستی و سەقامگیری و ئاسایشی هەرێم چەند ڕێوشوێنێکی کرداری و یاساییان ئەنجام دا، لەوانە دەرکردنی یاسای دژەتیرۆر بوو، بەپێی ئەم یاسایە تا ڕۆژی 22/8/2017 بەپێی ئامارەکانی دادگاى تێهەڵچوونەوەى ناوچەى هەولێر 675 کەس بە گومانی تیرۆر دەستگیر کراون، لەوانە 56 کەس بێتاوان دەرچوون و ئازاد کراون، 619 کەس حوکمیان بۆ دەرچووە و سزاکانیشیان. لە دهۆکیش 1594 کەس دەستگیر کراون، لەوانە 616 کەس بێتاوان دەرچوون و ئازاد کراون، 522 لەژێر لێکۆڵینەوەدان، 456 کەس حوکمی دادگایان بۆ دەرچووە. سەبارەت بە ئامارەکانی پارێزگای سلێمانی لە نێوان ساڵانی 2014 و 2017 بەپێی دادگاى تێهەڵچوونەوەى ناوچەى سلێمانى (٣٥) کەس دەستگیر کراون، لەوانە (٢٠)یان ئازادە، هەروەها لە ماوەیەدا لە سەرۆکایەتیى دادگاى نەوجەوانانى سلێمانى 22 کەس دادگایی کراون و سزاکانیشیان لە بەندکردن تاوەکو سزاى لەسێدارەدان بووە.

لە کۆتاییی لێدوانەکەیدا ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێم سەبارەت بە ئەشکەنجەدان و سزای لەسێدارەدان گوتی: لە هەرێمی کوردستان بەپێی یاسا بەرکارەکان، ئەشکەنجەدان و هەڕەشەکردن لە ڕاگیراوان بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانان قەدەغەیە، ئەگەر تۆمەتبارەکە بە هەر تاوانێک ڕاگیرابێت و ئەو کەسەی کە ئەم کارە ئەنجام دەدات ڕووبەڕووی سزا دەبێتەوە، سەبارەت بە سزای لەسێدارەدان بە مەبەستی پابەندبوون بە پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان ڕاگیراوە و جێبەجێ ناکرێت، تەنیا لە چەند حاڵەتێکی دەگمەن نەبێت، بەتایبەتی ئەوانەی کە پەیوەندییان بە ڕای گشتییەوە هەیە و لەبری ئەو هەوڵ دراوە سزاکە کەم بکرێتەوە، بۆ نموونە، لە ساڵی (2019) چەندین حوکمی لەسێدارەدان دەرچووە بێ ئەوەی جێبەجێ بکرێن، لەوانە (٤٥) سزای لەسێدارەدان، هەروەها (١٣) کەیسی سزای لەسێدارەدان، سزاکانیان سووک کراوە .

 

هەواڵی پەیوەندیدار