هه‌رێمی كوردستان له بواری وزەدا هاوشێوه‌ی وڵاتانی پێشكه‌وتووە

هه‌ولێر -KDP.info- شاره‌زایه‌كی بواری نه‌وت و غاز له هه‌رێمی كوردستان گوتی، هه‌رێمی كوردستان به جۆرێك له بواری وزەدا پێشكه‌وتنی به‌خۆیه‌وه بینیووه، هاوشێوه‌ی وڵاتانی پێشكه‌وتووی لێ هاتووه، چونكه ناوچه‌یه‌كی ئارامه بۆ كۆمپانیا بیانییه‌كان و ئاینده‌یه‌كی گه‌ش چاوه‌ڕێی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات.
د. بێوار خنسی، شاره‌زای نه‌وت و غاز له هه‌رێمی كوردستان، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "هه‌رێمی كوردستان له هه‌مووی عێراقدا تاكه ناوچه‌ی ئارامه، كه كۆمپانیاكانی بواری نه‌وت به‌بێ ترس و به ئارامی كاری تێدا ده‌كه‌ن، هه‌ر ئه‌مه‌ش وای كردووه ڕۆژ به ڕۆژ كۆمپانیای زیاتر ڕوو له هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن و، ئێستا هه‌رێمی كوردستان به جۆرێك له بواری وزەدا پێش كه‌وتووه، له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا هاوشێوه‌ی وڵاتانی پێشكه‌وتووی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی لێ هاتووه."
د. بێوار خنسی گوتیشی: "له عێراق كۆمپانیاكانی بواری نه‌وت به‌هۆی دۆخی خراپی عێراقەوە هه‌ست به مه‌ترسیی زۆر ده‌كه‌ن، چونكه مه‌ترسی هه‌یه هێرش بكرێته سه‌ر كێڵگه نه‌وتییه‌كانی عێراق، هه‌ربۆیه هه‌رێمی كوردستان هه‌وڵ ده‌دات هاوكاریی عێراق بكات بۆ ئه‌وه‌ی له‌و قه‌یرانه ڕزگاری بێت و ئه‌و قه‌یرانه‌ی هه‌یه، ئاڵۆزتر نه‌بێت.''
خنسی باسی له‌وه‌ش كرد: "هه‌رێمی كوردستان به جۆرێك ئارامه، كه هاوپه‌یمانان زۆر پشتی پێ ده‌بەستن و به تاكه ناوچه‌ی ئارامی ده‌زانن، هه‌ربۆیه به‌رده‌وام ده‌یانه‌وێت په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان له ئاستێكی باڵادا بێت و هیچ كات نایانه‌وێت په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان خراپ بێت، چونكه تا ئێستا له هه‌رێمی كوردستان یه‌ك زیانی بچووكیشیان پێ نه‌گه‌یشتووه."
بڵند ئیبراهیم




