بەرەڤان حەمدی: هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان تاجەگوڵینە پێشکەش بە شەهیدانی یەکی شوبات دکەن

هەولێرـKDP.infoـ بـەر لـە 16 سـاڵ و لـە رۆژی یـەکـی شـوبـات دەسـتـی تـیـرۆریسـتـان گـەیـشـتـە پـۆلـێـك سـەرکـردەو ھـەڤـاڵـی تـێـكـۆشـەری هەرێمی کوردستان، بریکاری وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانیش دەڵێ، بەیانی لە مەراسیمێکدا یادی ئەم ڕۆژە نەگریسە دەکرێتەوەو هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان بەشدار دەبن لە پێشکەشکردنی تاجە گوڵینە بۆ شەهیدانی دەستی تیرۆر.
سبەی ۱ـی شوباتـی ۲۰۲۰ساڵیادی بیرەوەری شازدەهەمین ساڵڕۆژی لە لایەن وەزارەتی شەهیدان و ئەنفاکراوان دەکرێتەوە، بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگاری هەولێر.
بەرەڤان حەمدی بریکاری وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بەیانی شازدەهەمین ساڵڕۆژی کارەساتە تیرۆریستییەکەی یەکی شوباتی لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان و مەڵبەندی سێی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەکرێتەوە لە ڕێوڕەسمێکدا کە لە کاتژمێر ۱۰ـی بەیانی تاکو ۱۲ـی نیوەڕۆ بەردەوام دەبێت، بەم بۆنەیەوە هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستانیش بەشداری ڕێوڕەسمەکە دەبن و تاجە گوڵینەی خۆیان پێشکەش بە شەهیدانی دەستی تیرۆری ۱ـی شوبات دەکەن کە پۆلێک سەرکردەی کوردستان و خەڵکی بێتاوان تیایدا شەهید و زامدار بوون لە کاتی جەژنی قوربان و پیرۆزکردنی جەژن لە یەکتری."
حەمدی گوتیشی: "لایەنە سیاسییەکان بەبێ جیاوازی ئامادەی مەڕاسیمەکە دەبن، نوێنەر و کونسوڵە بیانییەکان ئامادە دەبن، هەردوو لایەنی سیاسی لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان و مەڵبەندی سێی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و کادیرەکانیان بەشدار دەبن، هەروەها کەسوکاری شەهیدە سەربەرزەکان ئامادەی مەڕاسیمەکە دەبن."
بریکاری وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان زیاتر گوتی: "ڕێوڕەسمەکە سێ ئامانجی هەیە، کە ئەم بیرەوەرییە بە بەرزی ڕابگیرێت و یادی کردەتیرۆریستیەکان بکرێتەوە لە هەرێمی کوردستان، چونکە بەشدارە لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربونەوە لە دژی تیرۆر بۆ نەهێشتنی تیرۆر کە مەترسیە لەسەر ئاسایشی جیهانی و، گەیاندنی ئەم پەیامە بەوەی یەکڕیزی نێوان لایەنە سیاسیەکان دووپات دەکەنەوە تا وەکو نەبین بە بەشێک لە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و پریشکی ناکۆکییەکانی ناوچەکە بەر هەرێمی کوردستان نەکەوێت."
فایزە کۆیی




