روونکردنەوەیەک لە هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانەوە

هەولێر -KDP.info-دوابەدوای بابەتی پەیوەست بە دۆسیەی مەجید ئیبراهیم هەروتی ، لیژنەی پێشمەرگەی پەرلەمانی کوردستان و لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی دوای کۆبوونەوەیان، دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانیان ئاگادار کردەوە کە لیژنەی لاوەکی پێکدێنن بەپێی ماددەی ٣٠ بڕگەی یەکەم بۆ بەدواداچوونی ئەو کەیسە. بە پێی ماددەی 19 بڕگەی سێیەم ، ئەرکی سەرپەرشتیکردن و بەدواداچوونی لیژنە هەمیشەییەکانی کوردستان دەسەڵاتی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانە.
دوای ڕەزامەندی دەربرینمان، رامانسپاردن کە لیژنە لاوەکیەکان هەماهەنگی بکەن و سەردانی لایەنی پەیوەندییدار بکەن کە لە دۆسییەدا ئاسایشی گشتی بوو لە هەولێر.
چەند جارێک بەدواداچوونمان کردوە بۆ کاری لیژنە لاوەکیەکە و ئەندامەکانی پێیان ڕاگەیاندبووین کە کارەکانیان بە باشی بەڕێوە دەچێت و بەرپرسانی ئاسایشی گشتی زۆر هاوکارن و هەماهەنگن و هەموو روونکردنەوەیەکیان خستۆتە بەردەمیان و لە رووی مەیدانیشەوە سەردانی شوینەکان و پزیشکی دادوەر و ئاسایشی شەقڵاوە کراوە.
دیارە ئەمرۆ 30 ی 1ی ٢٠٢٠ هەردوو لیژنەی لاوەکی کۆبوونەوەیان هەبووە بۆ گفتوگۆ لەسەر ئامادەکردنی دوا ڕاپۆرتی کارەکانیان و بەرزکردنەوەی بۆ دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان. وە لەلایەن بەرێز سەرۆکی لیژنەی کاروباری کۆمەلایەتی و ئەندامانی لیژنە ئاگاداری ئێمەیان کردەوە کە هەفتەی ئایندە ڕاپۆرتەکەیان تەواو دەبێت و لە ناوخۆیاندا لە کۆبوونەوەکە باسیان کردوە کە پوختەیەک وەک هەواڵ لەسەر بەرئەنجامی سەردانەکەیان و بەدواداچوون بۆ کەیسەکە لە ئاسایشی گشتی لە هەولێر دەدەنە ماڵپەری فەرمی پەرلەمانی کوردستان وئێمەش لاریمان نەبووە . تێکرای لیژنە هەمیشەییەکان و لیژنە لاوەکیەکانیش ، لە رووی کۆبوونەوەو کارو چالاکیانەوە دەسەڵاتی لیژنەکانە ڕاپۆرتی چالاکی و تەنانەت ڕاگەینراوی لیژنەکەشیان لە ماڵپەری پەرلەمان بڵاوبکەنەوە.
بۆ ڕای گشتی رادەگەیەنین ، کە پەرلەمانی کوردستان لیژنەی تایبەتی لێکۆلینەوەی دروست نەکردوە چونکە ئەم بابەتە بە پێی پەیرەوی ناوخۆ ماددەی ٤٣ بڕگەی یەکەم دەبێت لە سەر داوای ١/٤ ی ئەندامان یان سەرۆکی پەرلەمان بێت و بە رەزامەندی و دەنگدانی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان دروست بکرێت.
ئەو نوسینەی لیژنە لاوەکیەکان ، خستنە رووی هێلە گشتیەکانی بەرئەنجامی کاری لیژنەکەیان بووەو هیچ پێچەوانەی عورفی کاری لیژنەکان نەبووە.
دەمەوێ ئەوەش روونبکەمەوە، بە داخەوە هەر لە سەرەتاوە لێدوانی جیاجیا لەسەر ئەم دۆسیەیە و تۆمەتبار کردنی ئاسایشی گشتی و پارتی دیموکراتی کوردستان بە کوشتنی مەجید ئیبراهیم ، و هەوڵەکانی بەلارێدا بردنی دۆسیەکە و بە حیزبی کردن و بە سیاسیکردنی، سەرەتایەکی خراپی کاری بە دواداچوون بوو بۆ گەیشتنە راستیەکان.
هێمن هەورامی
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان




