شاندی پارتی، بەشداری لە كۆنگرەی پارتی یەكێتیی كریستیان دیموكراتی ئەڵمانیادا كرد

ئەڵمانیا-KDP.info- لە رۆژانی ٢١-٢٣/١١ پارتیی یەكێتی كریستیان دیموكراتی ئەڵمانیا كۆنفڕانسی ساڵانەی لە شاری لایپزیك ڕێك خست، كە دڵشاد بارزانی بەرپرسی لقی شەشی ئەورووپای پارتی دیموكراتی كوردستان و، هۆشیار سیوەیلی بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوە و، بەهجەت مەسیفی لە ناوچەی لایپزیكی پارتی بەشداری كۆنگرەكە بوون.
پارتی یەكێتیی كریستیان دیموكراتی ئەڵمانیا، كە تا ساڵی ٢٠١٨ خاتوو ئەنجێلا مێركڵ، ڕاوێژكاری ئێستای ئەڵمانیا سەرۆكی بوو، ئێستا لە لایەن خاتوو ئانەگرێت كرامپ كارنباوەر، ناسراو بە ئەی كەی كەی سەرۆكایەتی دەكرێت. ئەی كەی كەی لە مانگی تەمووزی ئەمساڵدا بووە وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا و یەكەم گەشتی دەرەوەی بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان لە مانگی ئابدا ئەنجام دا.
ئەم پارتە، دۆستێكی نزیكی پارتی دیموكراتی كوردستانە و حكوومەتی ئەڵمانیاش دۆستێكی بەهیزی هەرێمی كوردستانە و لە ڕێگەی ناردنی چەك و مەشق و ڕاهێنان بە هێزی پێشمەرگە، هاوكاریی بەردەوامی هەرێمی كوردستانیان كردووە.
خاتوو كارنباوەر، لە وتاری سەرەكیی خۆیدا ئاماژەی بەوە دا، كە پێویستە ئەڵمانیا ڕۆڵی كاریگەرتر بگێڕێ بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی لە جیهاندا و ناكرێ تا سەر چاوەڕێ بێت لایەنی تر ئەو ئەركەی بۆ جێبەجێ بكەن. ئەو هەروەها باسی ڕۆژئاوای كوردستانیشی كرد و هێرشی توركیای بە داگیركاری و پێشێلكردنی یاسای نێودەوڵەتی ناو برد.
شایانی باسە، خاتوو ئۆرسولا فۆن دێر لاین، وەزیری بەرگریی پێشووی ئەڵمانیا، كە چەندین جار سەردانی كوردستانی كردووە و ڕۆڵی گەورەی لە كاتی جەنگی دژی داعش بینی، بۆ سەرۆكی كۆمسیۆنی یەكێتیی ئەورووپا هەڵبژێردراوە و جێگەی ژان كلۆود جەنكەر دەگرێتەوە، ئەم پۆستەش لە یەكێتیی ئەورووپادا پۆستێكی گرنگ و باڵایە.
شاندی پارتی، لە میانەی ڕۆژی یەكەمی كۆنگرەكەدا، چەندین چاوپێكەتنیان لەگەڵ بەرپرسانی پارتی CDUئەندام پەرلەمانی فیدراڵی و هەرێمەكان و یەكێتیی ئەورووپا ئەنجام دا و، هەروەها دیدار و كۆبوونەوەكان ئەمڕۆش بەردەوام دەبن.




