ڕۆژبەیانی: داعش لە سووریاوە دزەی کردووەتە ناوچە کوردستانییەکان

هەولێر-KDP.info- سەرۆکی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای کرد، لەگەڵ شەپۆلی ھاتنی ئاوارەیەکی زۆر لە سووریاوە بۆ ناو خاکی عێراق، چەکدارانی داعش خۆیان خزاندووەتە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەی ئیدارەی ھەرێم.
جوان ڕۆژبەیانی، سەرۆکی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمە ئاگاداری مەترسییەکانی تیرۆریستانی داعشین بۆسەر ناوچە کوردستانییەکانی سنووری ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق و تەنیا چارەسەریش، ڕێککەوتنی نێوان ھەرێم و بەغدایە بۆ گەڕانەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە، چونکە تەنیا ھێزی پێشمەرگە توانای کۆنتڕۆڵکردنی ڕەوشی ئەمنیی ئەو ناوچانەی ھەیە."
سەرۆکی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکان گوتیشی: "بەداخەوە ئەو ھێزانەی ئێستا لە ناوچە کوردستانییەکان جێگیر کراون، ناوچەکە بە ھی خۆیان نازانن، ئەوەش کاریگەریی کردووەتە سەر پلانەکانیان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ڕەوشی ئەمنی و ئێستا مەترسیی داعش زیاتر بووە."
ڕۆژبەیانی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "دوای تێکچوونی ڕەوشی سووریا لە ماوەکانی ڕابردوودا تیرۆریستانی داعش خۆیان خزاندووەتە نێو شەپۆلی ئاوارەکان و توانیویانە بگەڕێنەوە بەشێک لەو ناوچانەی کوردستانین، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو شانانەی پێشتر ھەبوون، خۆیان ڕێک خستووەتەوە و دەبینین ڕۆژانە کردەوەی تیرۆریستی بەڕێوە دەبەن."
قائید میرۆ




