وەزارەتی تەندروستی: پارە بۆ دروستكردنی نەخۆشخانەی بەردەڕەش و دەربەندیخان تەرخان كراوە

هەولێر-KDP.info- حكوومەتی ھەرێمی كوردستان پارەیەكی تایبەتی بۆ دروستكردنی دوو نەخۆشخانەی گشتی لە بەردەڕەش و دەربەندیخان تەرخان كردووە، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیش دەڵێ، بە دروستكردنی ئەو دوو نەخۆشخانەیە، ھاووڵاتیان لە خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان سوودمەند دەبن.
محەمەد قادر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "حكوومەتی ھەرێمی كوردستانی لە ھەوڵدایە بۆ تەواوكردنی ھەموو ئەو پڕۆژانەی پێشتر لە كەرتی تەندروستیدا راگیرابوون، بەڵام بۆ تەواوكردنی ھەردوو نەخۆشخانەی گشتی لە قەزای بەردەڕەش و دەربەندیخان، پارەیەكی تایبەت تەرخان كراوە".
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی دەشڵێت: "بە ھۆی زۆریی ژمارەی دانیشتووان و پێویستیی ھاووڵاتیان بە نەخۆشنانە، وەزارەت لە ھەردوو ناوچەی بەردەڕەش و دەربەندیخان بڕیاری تەواوكردنی بۆ نەخۆشخانەی گشتی لەو دوو قەزایە دەركردووە".
قادر ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "دروستكردنی نەخۆشخانەی گشتی لە بەردەڕەش و دەربەندیخان سوودی زۆر بە ھاووڵاتیانی ئەو ناوچانە دەگەیەنێت لەڕووی تەندروستییەوە، چونكە پێشتر بە ھۆی نەبوونی نەخۆشخانەی گشتییەوە، ھاووڵاتیان بۆ چارەسەركردن دەچوونە ناوچەكانی دیكە".
قائید میرۆ




